عێراق لە نێوان هەڵبژاردنێكی ساختە و پرۆسەیەكی سیاسی شێواودا

:: PM:05:01:20/10/2020 ‌

دوای تێپەڕبوونی 17 ساڵ بەسەر تەمەنی عێراقی نوێ، شەقامی عێراق بەهۆی ئەو كەموكورتییە گەورەی لە فەرمانڕەوایی پارتە سیاسییەكان هەیە، داوای گۆڕینی پرۆسەكە و دوورخستنەوەی هێزە سیاسییەكان و گۆڕینی كارەكتەرە سەرەكییەكانی فەرمانڕەوایی دەكەن، پەرلەمانتار و سیاسەتوانانی عێراق لە نێوان هەوڵی خۆدزینەوەی هێزە سیاسییەكان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و رووخانی پرۆسەی سیاسی وریایی دەدەن.
سەرانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق ددانیان بە شكستیان هێناوە
مەحموود زەجراوی، پەرلەمانتاری عێراق ئاماژە دەكات كە ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكانی عێراق لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە رێككەوتوون بۆ كۆتایی 2021 لە بری ئەنجامدانی لە حوزەیرانی داهاتوو، ئەوەیش بۆ رێكخستنەوەی دۆخی ناوخۆییان، روونی كردەوە، ئەو هێزە سیاسیانە كار بۆ پەكخستنی تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردن لەلایەن پەرلەمانەوە دەكەن، جیا لە دواخستنی هەمواری یاسای دادگەی فیدراڵ، بەتایبەتی دواخستنی تەواوكردنی ئەو یاسایانە، واتە دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. 

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، خۆپێشاندەران هەر هەوڵێك بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە رەت دەكەنەوە و بەهێز دژی هەر رێككەوتنێكی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە دەوەستنەوە، كە بۆ بەرژوەندی خۆیان و پاراستنی دەستكەوتەكانی ئێستەیان رەنگە بیكەن، چونكە ئەوان لە لەدەستدانی پۆست و دەسەڵاتیان لە پەرلەمان و حكوومەت لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەترسن.

زەجراوی ئاماژەی كرد، دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ كاتێكی تر، واتە ئەنجامنەدانی، بۆیە هێزە سیاسییەكان كار بۆ ئەوە دەكەن هەڵبژاردن لە وادەی خۆی لە 2022 دوای كۆتاهاتنی تەمەنی ئەو خولەی پەرلەمان پرۆسەكە بەڕێوە بچێت، بێ ئەوەی پەرلەمان ناچاری خۆهەڵوەشاندنەوە ببێت.

ئەوە لەوكاتەی خۆپێشاندەرانی عێراق بەنیازن لە 25ی ئەم مانگە لە ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتی تشرین، بڕژێنەوە سەر شەقام و لە ناڕەزایەتی بەردەوام بن، ئەوان سووربوونیان لەسەر چەند داواكارییەك دووپات دەكەنەوە لەوانە بەسیاسی نەكردنی داواكارییەكانیان و دوورخستنەوەی لە خواست و داواكاری حزبە سیاسییەكان و ئاشكراكردنی بكوژی خۆپێشاندەران و لێپرسینەوەكردن لەگەڵیان و چاكسازی لە سیستمی دادوەری و راگەیاندنی ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی دەوڵەت لە دوای 2003ەوە.

لای خۆیەوە ئایات موزەفەر نووری، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی "نەسڕ"، گوتی، ئێستە ئاشتی كۆمەڵگەیی لە عێراق لەژێر هەڕەشەدایە بەهۆی بەردەوامبوونی پێشێلكارییە تەناهییەكان و هەوڵدان بۆ رەخساندنی ئەو هەوڵانە لە رووی سیاسی و ئەتنی و تایفی، روونی كردەوە، عێراقییەكان خوێنی زۆریان بەخشیوە لەپێناو پارێزگاریكردن لە ئاشتی كۆمەڵگەكەیان، بۆیە پێویستە هەوڵ بدەین پارێزگاری لەو سەركەوتنە بكەین و بەردەوام بێت. 

نووری روونی كردەوە، پێدەچێت هێزەكانی خواستی نادەوڵەتیان هەیە، سوورن لەسەر رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی دەوڵەت لە رێگەی رەفتارەكانیان بە رووبەڕووبوونەوەی ناراستەوخۆ و پێشێلكردنی سەروەری عێراق و پابەند نەبوونیان بە رێنوێنییەكان، ئەوانە تەحەدای گەورەن و پێویستیان بە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە هەیە دوور لە خۆدزینەوە و دەستی دەستی كردن و پێكهێنانی لیژنە كە كاتێكی زۆر بەفیڕۆ دەدەن و هیچ رێوشوێنێكی پێویستیاشیان لێ وەرناگیرێت.

گوتەبێژی هاوپەیمانی "نەسڕ"، دووپاتی كردەوە كە پێویستە پاڵپشتی لە دۆسیەی هەواڵگری بكرێ و پێوەندی نێوان هاووڵاتی و هێزە تەناهییەكان بەهێزتر بكرێت، هیواداریشین ئەنجامەكانی بگاتە ئاستی جێبەجێكردنی چاكسازی سیاسی.

وائل عەبدولەتیف، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق داوای كرد بۆ كۆتاهێنان بە پرۆسەی سیاسی ئێستە لە عێراق و دەستكردن بە پرۆسەیەكی نوێی سیاسی، چونكە ئەو پرۆسەی ئێستە هەیە نیوچە ئەستەمە چاك بكرێت، روونی كردەوە، زۆرینەی سەرانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەئاشكرا ددانیان بەوەدا ناوە كە شكستیان خواردووە لە پێشكەیشكردنی هەرشتێك بۆ هاووڵاتییان، بۆیە پرۆسەی سیاسی گەیشتووەتە رێگایەكی داخراو و هیچ دەربازێكی نییە، چونكە ناتوانرێ دەستووری عێراق هەموار بكرێتەوە. 

ئەو دادوەرە گوتی، ئەو بابەتە پێویست بە گوشاری جەماوەری دەكات بە ئاراستەی پەكخستنی دەستوور و نووسینەوەی دەستوورێكی نوێ، تیایدا سیستمی سیاسی ئێستە چاك بكرێتەوە بەرەو بنیاتنانی پرۆسەیەكی نوێی سیاسی خزمەت بە گەلی عێراق بكات.

بەدرێژایی چەند مانگی رابردوو خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن و شەقام لە بەغدا و نۆ پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق داوای كۆتاهاتنی پرۆسی سیاسی عێراق دەكەن، دووپاتیان كردەوە كە پرۆسەكە مایەی چاككردنەوە نییە و چارەسەركردنی هەموو كێشە و تەنگژەكانی عێراق لە رێگەی دوورخستنەوەی حزبە دەسەڵاتدارەكانە لە گۆڕەپانی سیاسی. 

محەمەد زوبێدی، شرۆڤەكاری سیاسی عێراقی وای دەبینێ كە ئێستە عێراق لە دۆخێكی لەدەستدەرچوونی سیاسی بێ وێنەیە، ئەوەیش لەسایەی تێگەیشتنێكی شێواوی مانای كاری سیاسی و دیموكراسی و رای ئازادەوە، روونی كردەوە، پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەدوای 2003 لە دۆخێكی نائاسایی دروست بوو، كە چەندان هەڵەی گەورەی تیادایە و هەوڵێك بوو بۆ حزب و هێزەكان بۆ باڵادەستی خۆیان، ئەوەیش وای كرد لەوساتەوە ململانێ یەكتر بكەن لەپێناو بەرژەوەندییەكانیان، بەوەیش دەستوورێكیان نووسیەوە چەندان بۆمبی چێنراوی تیادایە كە وای كرد پرۆسە سیاسییەكە تووشی لاوازی ببێت.

زیاتر گوتی، عێراق لە دۆخێكی لەدەستدەرچووی سیاسی دەژی لە سایەی هەوڵی زۆرینەی هێزە سیاسییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی كایەكانی ئابووری دەوڵەت، بێ ئەوەی سەیری مەترسیداری ئەوە بكەن كە لیژنە ئابوورییەكانیان دەیكەن لە دزینی سامانی دەوڵەت و پاڵنانی وڵات بەرەو مایەپووچی، بۆیە ئەوە تێگەیشتنێكی شێواوی مانای كاری سیاسی و دیموكراسی و ئازادی دەربڕینە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل