زانایان خاڵی لاوازی ڤایرۆسی كۆرۆنا دیاری دەكەن

:: PM:08:42:20/10/2020 ‌

تا ئێستە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كردنەقوربانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەردەوامە و هیچ چارەسەرێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە، هاوكات هەوڵی زانایان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ڤایرۆسە بەردەوامە، لەوانە توانیویانە خاڵەكانی لاوازی ڤایرۆسەكانی كۆرۆنا دیاری بكەن.
زانایان بەدوای رێگایەكەوەن بۆ وەستانی كارلێكی بڵاوبوونەوەی پڕۆتینی ڤایرۆسەكە
بەپێی توێژینەوەیەك كە لە گۆڤاری "ساینس"ی زانستی هاتووەتە بڵاوكردنەوە و 200 زانا و توێژەر لە 14 دامەزراوەی زانستی لە شەش دەوڵەت بەشداریان تیایدا كردووە، ئەوان داتاكانیان لەبارەی ڤایرۆسەكانی كۆرۆنای سارس و مێرس و كۆڤید19 شی كردەوە، توانیان 300 جۆری جیاوازی پڕۆتین لە خانەكانی مرۆڤ دیاری بكەن، كە كارلێك لەگەڵ پڕۆتینی ئەو ڤایرۆسانە دەكەن، هەروەها ئاستی كاریگەری ئەو ڤایرۆسانەیان لەسەر لەشی مرۆڤ دیاری كرد.  

زانایان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی 20 جینی جیاواز هەیە كارێك لەگەڵ ڤایرۆسەكانی كۆرۆنا دەكات، ئەوەیش مانای ئەوەیە زانایان پێویستیان بە ئامرازێكە بۆ وەستاندنی ئەو كارلێككردنە لەپێناو وەستاندنی بڵاوبوونەوەی پڕۆتینی ڤایرۆسەكە لەناو لەشدا.

زانایان پشتیان بە شیككردنەوەی داتای 740 هەزار نەخۆشی تووشبووی ڤایرۆسەكانی كۆرۆنا بەست و بە بەكارهێنانی زانیارییەكانی كیمیای ژیان و پڕۆتینی و جینی و ڤایرۆسی، توانیان پڕۆتین و كاریگەرییەكانی ناو خانەی ئەو ڤایرۆسانە دیاری بكەن، توێژینەوەكە ئاماژەی كرد كە ئەنجامەكانی پێی گەیشتوون پێویستیان بە توێژینەوەی قووڵتر هەیە بۆ دیاریكردنی رێگەكانی چارەسەركردنی پەتاكە و دیاریكردنی ئەو كەسانەیش كە پێویستە بخرێنە ژێر تاقیكردنەوەی كلینیكی.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل