پێشانگەیەکی شێوەکاریی لە پارکی شانەدەر دەکرێتەوە

:: AM:11:28:21/10/2020 ‌
دارا حسێن ڕواندزی پارێزەری ڕاوێژکار پێشانگەیەکی شێوەکاری لە پارکی شانەدەر دەکاتەوە، داهاتی پێشانگەکەشی بە تووشبووانی تالاسیمیا دەبەخشێت.

لەژێر ناونیشانی "کەرەنتین، بۆ بەردەوامبوون لە ژیان"، دارا حسێن ڕواندزی یەکەمین پێشانگەی شێوەکاریی تایبەت بە خۆی دەکاتەوە، تێیدا چەندان تابلۆی هونەری نمایش دەکات.

سەبارەت بە پێشانگەکە، دارا حسێن ڕواندزی بە "وشە"ی گوت: دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و خۆ کەرەنتینکردن، بەپێویستم زانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تارمایی مەرگ و دنەدان بە ژیان و بووژانەوەی ڕۆحەکان کارێک بکەم.

داهاتی پێشانگاکە بە نەخۆشانی تالاسیمیا دەبەخشرێت

زیاتر گوتی: دوای دابڕانی ساڵانێک لە کارەکەم، ئەم پڕۆژەیەم لەژێر ناونیشانی کەرەنتین، بۆ بەردەوامبوون لە ژیان رێکخست، ئامانجی سەرەکیشم لەم پڕۆژەیە، دوای بابەتی ژیانەوە و ئاڵنگاریی کۆڕۆنا بریتییە لە هاوکاریکردنی تووشبووان بە نەخۆشی تەلاسیما.

ئەم چالاکییە کە یەکەمین پێشانگای ئەو شێوەکارەیە و بڕیارە پێشانگای تری بەدوادا بکاتەوە، ڕۆژی پێنجشەم دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، دواتر داهاتی پێشانگاکە بە نەخۆشانی تالاسیمیا دەبەخشرێت.

پێشانگای "کەرەنتین، بۆ بەردەوامبوون لە ژیان" لە گەلەریی شانەدەر لە پارکی شانەدەری هەولێر بەڕێوە دەچێت، بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە بۆ "وشە" نێردراوە، لە سەعات 10ی بەیانیی ڕۆژی پێنجشەم دەست پێ دەکات و تا ڕۆژی شەموو بەردەوام دەبێت.


وشە - ڕێناس شابان