توێژینەوەیەك: زیادبوونی مووچە مرۆڤ لە نەخۆشییەكانی دڵ و سەكتەی مێشك دەپارێزێت

:: PM:05:44:21/10/2020 ‌

ئێستە زۆرینەی وڵاتانی دنیا بەهۆی تەنگژەی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی و دابەزینی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی داهاتەكان، تووشی تەنگژەی دارایی هاتوون، ئەوەیش وای كردووە چەند وڵاتێك پەنا بۆ كەمكردنەوەی مووچە بەشێوەیەكی كاتی ببەن، توێژینەوەیەك ئاماژە دەكات كە زیادبوونی مووچەی مانگانە مرۆڤ لە نەخۆشییەكانی دڵ و سەكتەی مێشك دەپارێزێت، كەمبوونەوەیشی زیادیان دەكات. 
ئەوانەی مووچەیان كەمی كردووە 17% مەترسی تووشبوونیان زیادی كردووە
توێژەران دەڵێن، ئەوانەی مووچەیان زیادی كردووە، 15% كەمتر ئەگەری تووشبوونیان بە كەموكوڕییەكانی دڵ بۆ 25 ساڵی داهاتوو هەیە، وەك رۆژنامەی "دەیلی میڵ"ی بەریتانی باسی كردووە، هاوكات مەترسی تووشبوون بە سەكتەی مێشك و نۆرەی دڵ بە نزیكەی 20% لە پیاو و ژندا زیادی كردووە، لەوانەی داهاتی داراییان كەمبووەتەوە.

تیمی توێژینەوە لە نەخۆشخانەی بریگهامی ژنان و قوتابخانەی هارڤاردی پزیشكی روونیان كردەوە كە ئەو ئەنجامەی پێی گەیشتوون رەنگە گرنگی بە زانینی دۆخی دارایی نەخۆشان بدەن لە كاتی پشكنینی نەخۆشی و كێشەكانی دڵدا، لەوكاتەی توێژینەوەیەكی پێشوو گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە بوونی داهاتی دارایی زیاتر پێوەستە بە كەمبوونەوەی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن. 

دكتۆر سكۆت سۆلۆمۆن، بەرپرسی پزیشكان لە نەخۆشخانەی بریگهام دەڵێت، ئەو توێژینەوە پێشانی دەدات كە پێویستە هۆشیاری كارمەندانی تەندروستی لەبارەی كاریگەری گۆڕانی داهات بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ زیاد بكرێت، ئەوەیش بەمەبەستی زیادكردنی كاریگەری چارەسەری نەخۆشان.

لەو توێژینەوەی نۆ هەزار كەسی لە ئەمەریكا گرتەوە و ماوەی 17 ساڵ چاودێری كران، دەركەوت ئەوانەی مووچەیان زیادی كردووە، مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن بە رێژەی زیاتر لە 14% زیادی كردووە، ئەوانەیشی مووچەیان كەمی كردووە مەترسی تووشبوونیان 17% زیادی كردووە، چونكە كەمبوونەوەی مووچە دەبێتە هۆی پێڕەوكردنی سیستمێكی خراپی خۆراك، ئەوەیش نۆرەی دڵ و سەكتەی مێشك زیاد دەكات، جیا لە رارایی و نیگەرانی كە وا دەكەن مرۆڤ پەنا بۆ خواردنەوەی كحولی و جگەرەكێشان ببات، یان خەمۆكی كە تووشی كێشەی شاخوێنبەری تاجی دەكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل