فرەبڕیاری میلیشیاكان حەشدی شەعبی دابەش دەكات

:: PM:06:35:21/10/2020 ‌

دوای زۆربوونی گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبی و فرەبڕیاری ناو ئەو دەستەیەی بە فەرمی سەر بە حكوومەتی عێراقەوە و بەكردەنیش سەر بە ئێران، وای كردووە كە نزیكی لە ئێران پێوەری بەهێزی و كاریگەری و خاوەن بڕیاری ئەوان دیاری بكات، بۆیە هەر ئەو خاڵە وا دەكات كە شارەزایان پێشبینی دابەشبوونی حەشدی شەعبی بكەن، بەتایبەتی هێرشەكانی شەمووی رابردوو پەردەی لەسەر بوونی ناكۆكی ناو دەستەكە داماڵی.

چاودێران
پێیان وایە پەرەسەندنەكانی دوایی رەنگە لێكترازان و دابەشبوونی حەشدی شەعبی خێراتر بكات، ئەوەیش لە سایەی خواستی فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە نزیكبوونەوە لە پڕۆژەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆیە لە سایەی ئەو مشتومڕە بەردەوامەی بەشێكی میلیشیاكانی ناو ئەو دەستەیە دروستی دەكەن و ناكۆكییەكان سەبارەت بە بوونی ئامرازێك بەدەستی ئێرانەوە، وای كردووە بەشێك لە سیاسەتوانانی عێراق پێشبینی دابەشبوون و ترازانی لە قۆناغی داهاتوودا بكەن.
فەیاز ناڕەزایەتی لای ئێرانییەكان لە پەرەسەندنەكانی دوایی دەربڕیوە
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دەستەی حەشدی شەعبی كە فالح فەیاز، سەركردایەتی دەكات، خۆی بە تێوەگلاو لە دوو پێشێلكاری گەورە بینییەوە، یەكەمیان رفاندن و گولەبارەانكردنی هەشت هاووڵاتی سوننە لە گوندێكی سەر بە شارۆكەی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین، دووەمیش هەڵكوتانە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا و سووتاندنی، ئەوەیش وای كرد بكەونە ژێر گوشارێكی گەورەوە.

ئەوە لەوكاتەی حەشدی شەعبی دەستەیەكی نوێیە و دوای دەركەوتنی داعش لە 2014 هاتە دامەزراندن و لە 2016 سیفەتی یاسایی وەرگرت، ئەو لەسەر فەتوایەكی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعە لە نەجەف لە ژمارەیەكی زۆری خۆبەخشی شیعە دروست بوو، بەڵام ئەو هێزە چەندان میلیشیای سەر بە ئێرانی گرتە خۆی، كە پێش 2014 بوونیان هەبوو بە پاساوی پاراستنی مەزار و پیرۆزی و دەسەڵاتەكانی شیعە لە عێراق بەرانبەر بە توندڕۆیی سوننە و داگیركاری ئەمەریكا. 

سیاسەتوانانی عێراق لەپشت پەردەوە گفتوگۆ لەبارەی راستی كۆنترۆڵكردنی هەموو گرووپەكانی ناو حەشدی شەعبی لەلایەن فالح فەیازەوە دەكەن، كە زۆرێك لە سیاسەتوانی سوننە و شیعە و كورد پێیان وایە دەسەڵاتی فەیاز لەسەر زۆرێك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی تەنیا شێوەییە.   

لە 2016 كاتێك دەستەی حەشدی شەعبی هاتە دامەزراندن، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكات سوور بوو لەسەر ئەوەی فەیاز، كە هاوپەیمانی بوو لە هەڵبژاردن، ببێتە سەرۆكی دەستەكە، لەوكاتەی لایەنگرانی ئێران سووربوون كە ئەبو مەهدی موهەندیس، ببێتە جێگری، بەڵام كاتێك دوای دوو ساڵ كێشە كەوتە نێوان فەیاز و مەهەندیس سەبارەت بە ئەرك و رۆڵی حەشد و چوونی بۆ ناو كایەی سیاسی، لایەنگرانی ئێران سیفەتی موهەندسیان لەناو حەشد بۆ سوپاسالاری دەستەی حەشدی شەعبی گۆڕی، بەوەیش بووە بەرپرسی كردەنی حەشد و هەموو جموجۆڵەكانی هێزە شەڕوانەكانی دەستەكە.

بەڵام لە 2019 ئەوكاتە خۆپێشاندانەكان لە عێراق سەریان هەڵدا، دۆستایەتی لە نێوان فەیاز و ئێرانییەكان دروست بووەوە و بەشێك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی بۆ دامركاندنەوەی خۆپێشاندانەكان راسپێردران، سەرچاوەكان ئاماژەیان كرد كە ئێستە دۆخەكە لە نێوان فەیاز و ئێرانییەكان و لایەنگرانی لە عێراق باش نییە، چونكە فەیاز توڕەیە و رازی نییە لە تێوەگلانی حەشدی شەعبی لە ململانێی نەتەوەیی لەگەڵ كورد و تایفیەیی لەگەڵ سوننە، دووپاتیان كردەوە كە فەیاز لای ئێرانییەكان ناڕەزایەتی لە پەرەسەندنەكانی دوایی دەربڕیوە. 

لە ناوەندی سیاسی لە عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێ كە فەیاز باوەڕی بەوەیە پڕۆژەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەلێكی لەپێشە بۆ پەرەسەندن، بەپێچەوانەی پڕۆژەی ئێران لە عێراق كە لەسەر بنەمای رووبەڕووبوونەوەی بەردەوام و بەرزكردنەوەی لوولەی چەك بە رووی هەمووان و گەرمكردنی ململانێ و كەلەكەكردنی ناكۆكییەكان بنیات نراوە.  

بۆیە دوای ئەوەی فەیاز بینی ئاڵای حەشدی شەعبی لەسەر بارەگای سووتێنراوی پارتی لە بەغدا هەڵدراوە، ئەو دوودڵ نەبوو لە راگەیاندنی نائومێدی خۆی و گوتی، هەستم بە شەرمەزاری كرد بەهۆی بەرزكردنەوەی ئاڵای حەشد لەسەر تەلاری بارەگای پارتی، دووپاتی كردەوە، سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا كارێكی جێی داخە و هێزە تەناهییەكان 18 كەسیان بەوهۆیەوە گرتووە.

ئەگەرچی فەیاز لە قسەكانی هەوڵی دا حەشدی شەعبی لەو رووداوانە بێ بەری بكات بەوەی سووتاندنی بارەگای پارتی ئەوان لێی بەرپرسیار نین و چەند لایەنێكی لایەنگری حەشد بوونە، كوشتنی هەشت هاووڵاتییەكەی بەلەدیش تاوانی كوشتن بووە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی داعش نەبووە، بەڵكو چەكداری شیعە بوونە نایاسایی ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە، هاوكات ئەوانەی نێردە دیپلۆماسییەكانی بەغدا دەكەنە ئامانج لایەنی یاساشكێنن، چاودێران پێیان وایە لێدوانەكانی فەیاز ئاسایی نییە و نزیكبوونەوەی لە رەوتی كازمی تیادایە، لەوكاتەی سیاسەتوانان وای دەبینن ئەو لێدوانان دەكرێ سەرەتایەك بێ بۆ دابەشبوونی حەشدی شەعبی و دەركەوتنی دوو هێزی جیاواز لەناو دەستەكەوە، یەكەمیان گرووپەكانی سەر بە عەلی سیستانی، ئەوان لاریان نییە لە ملكەچی بۆ دەوڵەت و فەرمانەكانی كازمی و دووەم گرووپەكانی سەر ئێران كە پێوەستن بە عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێران و سوپای پاسداران، چاودێران وای دەبینن پەرەسەندنەكانی دوایی رەنگە ترازانی حەشدی شەعبی خێراتر بكات لە سایەی ئەو خواستەی فەیاز بۆ نزیكبوونەوە لە پڕۆژەی كازمی.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل