خورماتوو.. پۆستێكی تر لە كورد وەرگیرایەوە

:: PM:08:50:21/10/2020 ‌

 ئەمڕۆ چوارشەم 21ی ئۆكتۆبەری 2020، بەڕێوەبەرێكی نوێ بۆ شارەدێی سلێمان بەگی سەر بە شارۆكەی خورماتوو دیاری كرا، ئەوەیش پاش ئەوە هات كە بەڕێوەبەری پێشووی شارەدێكە، كە سەر بە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بوو، بە گوشار ناچاری دەست لەكار كێشانەوە كرا.
سێ ساڵە بەرپرسانی پارێزگای سەڵاحەدین لەسەر بنەمای پێكهاتەیی پۆست دابەش ناكەن
 جەمال عكاب، گوتەبێژی پارێزگای سەڵاحەدین، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ ئەحمەد حەسەن محەمەد، وەك بەڕێوەبەری نوێی شارەدێی سلێمان بەگ لە جێگەی تاڵب محەمەد، دەستنیشان كر، روونی كردەوە، ئەو گۆڕانكارییە بە فەرمانی پارێزگاری سەڵاحەدین و قایمقامی شارۆكەی خورماتوو ئەنجام دراوە.

سەردار محەمەد، سكرتێری پێشووی ئەنجوومەنی شارەوانی خورماتوو، بە "وشە"ی راگەیاند، پێشتر تاڵب محەمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی سلێمان بەگ بوو لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، راستییەكەی گوشاری لەسەر كرا بوو بۆ خۆخانەنشینكردن.

 ئاماژەی كرد، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، بەرپرسانی پارێزگای سەڵاحەدین و خورماتوو بێ گوێدانە پشكی حزبە كوردستانییەكان، پۆستەكان ئالۆگۆڕ دەكەن.

لەبارەی پۆستەكەوە "وشە"، پێوەندی بە مەلا كەریم شوكر، ئەندامی سەركردایەتی و بەپرسی مەڵبەندی  حەمرینی یەكێتی كرد و گوتی، راستە ئەو پۆستە پشكی یەكێتی بوو، بەڵام ماوەی سێ ساڵە بەرپرسانی سەڵاحەدین و خورماتوو، لەسەر بنەمای پشك پشكێنە و مافی نەتەوە و حزبەكان، پۆست دابەش ناكەن و حیساب بۆ ئەوە ناكەن، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە لە هەڵبژادن نزیك دەبینەوە.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل