ئەو خۆراكانەی لە لاوازبوونی ئێسك دەتپارێزن

:: PM:09:14:21/10/2020 ‌

20ی ئۆكتۆبەری هەموو ساڵێك وەك رۆژی جیهانی نەخۆشی فشۆڵبوون یان لاوازبوونی ئێسك زیندوو دەكرێتەوە و تیایدا هۆشیاری سەبارەت بە نەخۆشییەكە بڵاو دەكرێتەوە، كە زیاتر لەناو ژناندا بڵاوە، ئەوان باسی رێگەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشییەكە دەكەن.
زیاتر تووشی ژن دەبێت دوای وەستانی سووڕی مانگانە
فشۆڵی ئێسك، یەكێكە لە نەخۆشییە زۆر بڵاوەكان لە دنیا، بەتایبەتی دوای تەمەنی 40 ساڵ دەردەكەوێت، كاتێك ئێسكی لەشی مرۆڤ لاواز دەبێ و بەئاسانی دەشكێت، تا رادەی لەگەڵ هەر بەربوونەوەیەك یان ئەركێكی ئاسایی، وەك خۆچەماندنەوە یان كۆكە رەنگە شكانی ئێسك دروست ببێت، بەتایبەتی لە ناوچەی حەوز و شانەی دەست و بڕبڕەی پشت. 

سەرەڕای ئەوەی بۆماوە هۆكاری سەرەكییە بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە، وەك زۆرێك لە توێژینەوەكان ئاماژەیان كردووە، بەڵام شێوازی ژیان كاریگەری زۆری هەیە لە ئەگەری توشوبوون پێی، بەتایبەتی پێوەست بە جۆری خۆراك و ئاستی جموجۆڵ و چالاكی لەش و بەركەوتنی تیشكی خۆر، بۆیە بۆ خۆپاراستن لەو نەخۆشییە گرنگە خۆراكی تەندروست بخۆی، كە ڤیتامین و پرۆتین و كالسیۆم و كالۆری پێویست بە لەش ببەخشێت. 

دوای وەستانی سووڕی مانگانە، كالیسۆم بۆ ژن پێویستە بە رێژەی هەزار ملیگرام لە رۆژێكدا، هەروەها دەتوانرێت لە شیر و بەرووبوومەكانی شیرەمەنی وەك پەنیر و ماست بەدەست بكەوێت، بە هەمانشێوە سەوزەی وەك برۆكلی و شێلم یان تەواوكەری خۆراك، بەڵام نابێت كۆی بڕی وەرگیراوی رۆژانە لە دوو هەزار ملیگرام زیاتر بێ بۆ خۆپاراستن لە كاریگەری خراپی كالسیۆم.

هەروەها پێویستە ڤیتامین دی دەست بكەوێ، كاتێك ژن دوای وەستانی سووڕی مانگانە لە رۆژێكدا 800 یەكەی نێودەوڵەتی لەو ڤیتامینەی پێویستە، ئەوەیش لەپاڵ ئەو كالسیۆمەی وەری دەگرێ، رێژەی شكانی ئێسكەكانی لەو تەمەنە كەم دەكەنەوە، كە ڤیتامینەكە لە چەند جۆرێك خۆراك هەیە وەك شیر و ماسی سەلەموون و ماست و شەربەتی پرتەقاڵ و دانەوێڵە، دەشتوانرێ وەك تەواوكەری خۆراك وەبگیرێت بەپێی راوێژی پزیشك. 

خۆراكی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم وەك پەتاتە و تەماتە و سپێناخ، خۆراكی دەوڵەمەند بە ڤیتامین سی وەك پڕتەقاڵ و لالەنگی و ئەناناس، لەپاڵ خۆراك هۆكاری تر هەن كە رۆڵیان هەیە لە پاراستن لەو نەخۆشییە، لەوانە وازهێنان لە جگەرەكێشان و خواردنەوەی مادەی كحولی، جیا لە وەرزشكردن و جوڵانەوەی بەردەوام و بوونی لەش و ماسولكە و ئێسقانێكی تەندروست.

جیا لەوانەی سەرەوە، پێویستە ئەوانەی تووشی نەخۆشییەكە بوونە، بەتایبەتی بەتەمەنەكان، خۆیان لە خواردنی چەند جۆرێك خۆراك بپارێزن، وەك دەوڵەمەند بە خوێ، چونكە دەبێتە هۆی دەردانی كالسیۆمی زیانبەخش بە ئێسك، هەروەها پێویستە خۆت لە كەپەكی توێكڵی گەنم بپارێزی كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی هەڵمژینی كالسیۆم لە خۆراكی تر، لەگەڵ خواردنەوەی دەوڵەمەند بە كافایین و گازییەكان و وزەبەخشەكان و پاقلەمەنی. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل