هەولێر.. بەهۆی سەرپێچی و كەموكوڕییەوە چەند شوێنێك داخران

:: PM:09:40:21/10/2020 ‌

لێژنەی پشكنین و چاودێری بازاڕ بە سەرپەرشتی قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لە چاودێریكردنی دوكان و چێشتخانە و شوێنەكانیتری ناو شار بەردەوامە، ئەمڕۆ بەهۆی پابەند نەبوونیان بە رێنوێنی و بوونی پێشێلكاری، چەند شوێنێك داخران، ئەوەیش بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.
بەدواداچوون بۆ ئەو سكاڵایانە دەكرێ كە ئاراستەی قایمقامیەت دەكرێن
بەپێی راگەیەندراوێكی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر، پشكنین و بەدواداچوون بۆ 14 چێشتخانە و خواردنگە و چایخانە و ساردەمەنی و چەرەزاتفرۆش و تورشیات، لە سەنتەری بازاڕ ئەنجام درا، بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرج و رێنوێنییەكان، خواردنگەیەك  و دوو  شیرنەمەنی و چەرەزاتفرۆشێك داخران.

زیاتر هاتووە، ئەم شوێنانەی كەموكوڕی و سەرپێچییان هەبوو، تۆمار كران و بەپێی یاسا كاردانەوە بەرانبەر خاوەنەكانیان دەكرێت، ئامانج لە پشكنین و بەدواداچوونەكانی ئەم لێژنەیە دڵنیابوونە لە جێبەجێكردنی مەرج و رێنوێنییەكان.

هەروەها جگە لە داخستنی ئەم شوێنانەی سەرپێچیان هەیە، سزای پێبژاردن بۆ سەرپێچیكاران دەكرێت، ئەوەیش بەپێی رێنوێنییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە ئاراستەی قایمقامیەتی هەولێر كراوە، هەروەها هاووڵاتییان ئاگەدار دەكەینەوە كە بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو سكاڵایانە دەكرێن كە رۆژانە ئاراستەی لێژنەكانی قایمقامیەت دەكرێن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل