چه‌ند ڕۆژێكه له سعوودیه به تایبه‌تی و وڵاتانی كه‌نداو به گشتی هه‌ڵمه‌تی بایكۆتكردنی كاڵای توركیا له‌و وڵاتانه ده‌ستی پێكردووه و هه‌ندێك به هه‌ڵمه‌تێكی میلی و هه‌ندێكیش به حوكمی و به‌رنامه بۆ داڕێژراو ناوی ده‌به‌ن، به‌هۆی پشتیوانیكردنی سیاسییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه، بایكۆتی ئه‌مجاره‌ی كه‌نداو دژ به كاڵای توركیا ئاسایی نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو به‌رده‌وامی هه‌بێ، كێ زیانمه‌ندی سه‌ره‌كی ده‌بێت؟
میدیاكان زانیاری و به‌ڵگه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو، كه حكوومه‌تی سعوودیه هۆشداری داوه‌ته سه‌رجه‌م بازرگانانی وڵاته‌كه‌ی، به‌وه‌ی ده‌سبه‌رداری هێنانی كاڵای توركیا بن بۆ وڵاته‌كه، هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌ڵگانه تا ئێسته پشتڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه و به فه‌رمی ڕانه‌گه‌یه‌نراون، به‌ڵام به‌شێك له میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووه‌ته‌وه و سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سعوودیه و پاشان ئیماڕات ده‌كه‌ن.
هه‌نارده‌ی كه‌نداویش بۆ توركیا ده‌وه‌ستێت و زیانی ملیاران دۆلاریش به وڵاتانی كه‌نداو ده‌گات
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر فره‌وان بووه و ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری دروست كردووه، به‌ڵام ژماره و داتاكان شتی تر ده‌ڵێن و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه سعوودیه ناتوانێ له شه‌و و ڕۆژێك ده‌سبه‌رداری كاڵای توركی ببێت، چونكه نه‌ك ته‌نیا هاورده، به‌ڵكو وه‌به‌رهێنانی كۆمپانیاكانی توركیا له سعوودیه ده‌گاته 660 ملیۆن دۆلار و زیاتر له 220 كۆمپانیای توركی له وڵاته‌كه بوونیان هه‌یه و كه به گرێبه‌ست و ره‌زامه‌ندی حكوومه‌تی سعوودیه هاتوون و ڕیاز ناتوانێ ده‌سبه‌جێ گرێبه‌سته‌كانیان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، یان ئه‌و كاڵایانه‌ی به‌رهه‌می ده‌هێنن و هاورده‌ی ده‌كه‌ن، چیتر ڕێ به هاتنیان نه‌دات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه زۆرترین زیان ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌یه كه پێشتر واژوویان له‌سه‌ری كردووه.
وڵاتانی
كه‌نداو، ئاسن و سیرامیك و شووشه و پێسته و كه‌لوپه‌لی كاره‌بایی و ئه‌لیكترۆنی و چه‌ره‌زات و كه‌شتی و یه‌خت و فه‌رش و جل و گه‌نم و پاقله‌مه‌نی و ڕۆن و میوه‌ی وشككراوه و سه‌وزه و زه‌یتوون، به‌روبوومی كیمیایی و سیسته‌می ساردكردنه‌وه و كه‌لوپه‌لی دارستان و دارتاشی و كه‌لوپه‌لی ناوماڵ و تووتن و چه‌ندان به‌روبوومی تر له توركیا هاورده ده‌كه‌ن، بێ دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی تر كه بڕی پێویستیان له‌و به‌رووبوومانه بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌سته‌مه بتوانن بایكۆتێكی ڕاسته‌قینه‌ی كاڵای توركی بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وه‌ی گه‌وره كراوه و باسی لێوه ده‌كرێ، ته‌نیا هه‌ڵمه‌تێكی بێ ناوه‌رۆكه، چونكه تا ئێسته هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی تر نه‌دۆزراوه‌ته‌وه كه شوێنی توركیا بۆ وڵاتانی كه‌نداو بگرێته‌وه و ئه‌و كاڵایانه‌ی لێ هاورده‌ی كه‌نداو بكرێت.
به بایكۆتكردنی كاڵای توركیا له كه‌نداو، ئه‌نكه‌ره ملیاران دۆلار زیانی به‌ر ده‌كه‌وێت
هاورده‌ی سعوودیه بۆ توركیا له 2014ه‌وه تا ئێسته ته‌نیا 250 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بووه، به‌ڵام توركیا له مانگی حوزه‌یران/یۆنیۆی ئه‌مساڵ، سه‌ره‌ڕای بوونی په‌تای كۆرۆنایش كه جموجۆڵی بازرگانی زۆر كه‌م كرده‌وه، به بڕی 213 ملیۆن دۆلار كاڵای هاورده‌ی سعوودیه كردووه، له مانگی ئاب/ئۆگه‌ست ئه‌و ڕێژه‌یه بۆ 257 ملیۆن دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه، هاوكات له مانگی ئاب/ئۆگه‌ستی ئه‌مساڵ هه‌نارده‌ی توركیا بۆ ئیماڕات گه‌یشتووه‌ته 174 ملیۆن دۆلار.
ئیماڕات یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه زۆرترین كاڵای توركی بۆ هاورده ده‌كرێت، جیا له‌و كاڵایانه‌ی خستوومانه ڕوو، زێڕ و ئه‌له‌منیۆم و ڕۆنی ئۆتۆمبێل و ماده‌ی كیمیایی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له توركیاوه ده‌گه‌یه‌نرێته ئیماڕات، به گشتی ئیماڕات ساڵانه بایی چوار ملیار و 388 ملیۆن دۆلار و سعوودیه بایی زیاتر له دوو ملیار دۆلار و سوڵتاننشینی عومان 226 ملیۆن و كوێت 146 ملیۆن و قه‌ته‌ڕ 310 ملیۆن و به‌حرێن بایی 191 ملیۆن دۆلار كاڵا له توركیاوه هاورده ده‌كه‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی وڵاتانی كه‌نداو بتوانن كاڵای توركیا بایكۆت بكه‌ن، زیانی چه‌ندان ملیار دۆلار به توركیا ده‌گه‌یه‌نن، هاوكات ئه‌و وڵاتانه خۆیشیان زیانی زۆریان به‌ر ده‌كه‌وێ، چونكه هه‌نارده‌ی كاڵای ئه‌و وڵاتانه‌یش بۆ توركیا كه‌م نییه، ئه‌گه‌ر هاتوو توركیا هه‌نگاوێكی هاوشێوه بگرێته‌به‌ر، ڕاسته توركیا زیانمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت، به‌ڵام وڵاتانی كه‌نداویش به چه‌ندان ملیار دۆلار زیانیان پێ ده‌گات و بازرگانه‌كانیان تووشی گرفتی گه‌وره ده‌بن، له‌به‌ر ئه‌وه بایكۆتكردنی كاڵای توركیا، نه‌ك ته‌نیا پێویستی به دۆزینه‌وه‌ی وڵاتی تره كه ئه‌و كاڵایانه‌ی له توركیاوه ده‌گه‌یه‌نرێنه كه‌نداو، وڵاتی تر ده‌سته‌به‌ری بكات، به‌ڵكو پێویسته چه‌ندان وڵاتیش بدۆزنه‌وه، كه ئه‌و كاڵایانه‌ی له كه‌نداوه‌وه هه‌نارده‌ی توركیا ده‌كرێن، له شوێنی توركیا ئه‌و كاڵایانه بكرنه‌وه، كه ئه‌مه‌یش كارێكی ئاسان نییه و بگره به‌جۆرێك له جۆره‌كان مه‌حاڵیشه، چونكه هیچ وڵاتێك نییه كه بایی ملیاران دۆلار كاڵا له هه‌موو وڵاتانی كه‌نداو بكڕێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه بایكۆتكردنی كاڵای توركیا هه‌نگاوێكی سیاسی ڕووكه‌شانه‌یه و له واقیعدا هێنانه‌دی نزیكه له ئه‌سته‌مه‌وه.