ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه له شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ته‌نگژه‌ی بێ نانی به‌رۆكی هاووڵاتییانی گرتووه و خه‌ڵكی بۆ ده‌ستخستنی نان ده‌بێ زیاد له سێ سه‌عات له نۆره‌دا بوه‌ستن، ئه‌و ته‌نگژه‌یه ئێسته گواستراوه‌ته‌وه بۆ سه‌رجه‌م شار و شارۆكه‌كانی ئێران و به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌یش ده‌ڵێن، هیچ كێشه‌یه‌ك بۆ دابینكردنی نان رووبه‌ڕووی هاووڵاتییان نه‌بووه‌ته‌وه.
نیازیان هەیە نرخی یەک نان لە 250 تمەنەوە گران بکەن بۆ 500 تمەن
.
سه‌ره‌تای ئەم هه‌فته‌یە له هه‌ردوو پارێزگای ورمێ و سنه كۆمه‌ڵیك شار و شارۆكه تووشی ته‌نگژه‌ی بێنانی بوونه‌وه و له شاره‌كانی مهاباد و بۆكان و سه‌قز و سنه و مه‌ریوان هاووڵاتییان بۆ ده‌ستخستنی نان، زیاد له سێ سه‌عات له نۆره‌دا راده‌وه‌ستان و به‌رپرسانی ئه‌و دوو پارێزگایه رایان گه‌یاند، كێشه‌كه كاتییه و تا دوو رۆژی تر چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
به‌ڵام ئه‌و كێشه‌یه نه‌ك له‌و دوو پارێزگایه چاره‌سه‌ر نه‌كرا، به‌ڵكو په‌ڕییه‌وه بۆ هه‌ردوو پارێزگای ئیلام و كرماشانیش و دواتر به‌وه نه‌وه‌ستا و ته‌شه‌نه‌ی كردووه سه‌رجه‌م پارێزگاكانی ئێران.
زیاد لە دوو سەعات لە نۆرەدا دەوەستین بۆ 20 نان
.
عه‌لی ره‌جایی دانیشتووی شاری مهاباد بۆ "وشه" روونی ده‌كاته‌وه، زیاد له پێنج رۆژه ئێمه بۆ ده‌ستخستنی بڕێك نان ده‌بێ زیاد له سێ سه‌عات له نۆره‌دا بوه‌ستین و دوای ئه‌وه‌ی كه نۆره‌شمان هات ناتوانین زیاتر له 20 نان بكڕین.
ئه‌و هاووڵاتییه كورده ده‌ڵێ، له هه‌ر نانه‌وایه‌ك ده‌پرسین بۆچی دۆخه‌كه ئاوای لێ هاتووه؟ ده‌ڵێ، به‌شه ئاردمان كه‌م كراوه‌ته‌وه و پێمان گوتراوه هه‌ر كه‌سه و له 20 نان زیاتری نابێ پێ بدرێت.
یونس به‌رمه‌كی خاوه‌نی نانه‌واییه له مه‌یدانی مه‌نگوڕان له مهاباد، وه‌ك بۆ "وشه" باسی لێ ده‌كات، ئێمه نانه‌وای ئازادین و له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه به‌شه ئاردمان پێ نادرێت، به‌ڵكو له بازاڕی ئازاد ئارد ده‌كڕین و نرخه‌كه‌شمان له‌چاو نانی حكوومی هه‌ندێك گرانتره، واتا نانی حكوومی به 250 تمه‌نه و لای ئێمه نرخه‌كه 350 تمه‌نه.
ئاردەکە لە بازاڕ بە سێ هێندەی نرخ دەفرۆشنەوە
.
ئه‌و نانه‌وایه دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئێسته له بازاڕی ئازادیش ئارد به قورسی ده‌ست ده‌كه‌وێت و نرخه‌كه‌ی دوو هێنده گران بووه، ئه‌گه‌ر ده‌ستیشمان بكه‌وێ و بمانه‌وێ نان به‌و نرخه بفرۆشین كه حكوومه‌ت بۆ نانه‌وا ناحكوومییه‌كان ده‌ستنیشانی كردووه، نه‌ك قازانج به‌ڵكو پاره‌ی ئارده‌كه‌شمان ده‌ست ناكه‌وێته‌وه.
سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ر نرخی یه‌ك فه‌رده ئارد له بازاڕه‌كانی رۆژهه‌ڵات به 110 هه‌زار تمه‌ن بوو، به‌ڵام ئێسته به‌رز بووه‌ته‌وه بۆ 190 بۆ 230 هه‌زار تمه‌ن و به‌شێك له نانه‌واكان كه سه‌ر به حكوومه‌تن، به‌شه ئاردی خۆیان كه به 50 هه‌زار تمه‌ن له حكوومه‌تی ده‌كڕن، له بازاڕی ئازاد به قاچاخ ده‌یفرۆشنه‌وه به 180 هه‌زار تمه‌ن.
یونس به‌رمه‌كی چه‌ند هۆكارێكی تر جگه له‌و هۆكاره سه‌ره‌كییانه بۆ ته‌نگژه‌ی نان له رۆژهه‌ڵات ده‌خاته روو و ده‌ڵێ، به‌هۆی بێكاری و نه‌بوونی داهات، به‌شێك له هاووڵاتییان له نانه‌واكان نان ده‌كڕن و به نرخێكی زیاتر به ماركێته‌كانی ده‌فرۆشنه‌وه، به‌ڵام هۆی سه‌ره‌كی به قاچاخ برندی ئارده بۆ ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا.
حکوومەت بە ئەنقەست ئەو تەنگژەی دروست کردووە
.
ئه‌و لێدوانانه له‌كاتێكدایه میدیاكانی ئێران هۆی دروستكردنی ته‌نگژه‌ی نان به ده‌ستكرد ده‌زانن و ماڵپه‌ڕی ئیسنا نووسیویه‌تی، حكوومه‌ت نیازی هه‌یه نرخی ئارد گران بكات و ده‌یه‌وێ له رێی دروستكردنی ته‌نگژه‌وه خه‌ڵك رازی بكات كه به نرخی زیاتریش بێت نانیان ده‌ست بكه‌وێت و ناڕه‌زایی ده‌رنه‌بڕن.
ئه‌و ته‌نگژه‌یه له‌كاتێكدایه ئاماری بێكاری له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گه‌یشتووه‌ته سه‌رووی 70٪ و زیاتر 76٪ی خه‌ڵكی له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین و له‌و ژماره‌یه 53٪یان به قورسی ده‌توانن بژێوی رۆژانه‌یان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
نان وه‌ك پێداویستییه‌كی رۆژانه و سه‌ره‌تایی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه به ته‌نگژه‌یه‌كی قووڵ و هاووڵاتییان بۆ ده‌ستخستنی به پاره‌یه‌كی گران پێویسته زیاد له دوو سه‌عات له نۆره‌ی دوور و درێژدا بوه‌ستن، به‌و حاڵه‌شه‌وه حكوومه‌ت نیازی هه‌یه نرخه‌كه‌ی له 250 تمه‌نه‌وه بۆ 500 تمه‌ن به‌رز بكاته‌وه.
پێشتر د. یوسف مونگوڕی مامۆستای ئابووری سیاسیی له زانكۆی ورمێ بۆ "وشه" ئاشكرای كردبوو، گرانی و بێكاری له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گه‌یشتووه‌ته ئاستێك هاووڵاتییان هیوایه‌كی ئه‌وتۆیان به ژیان نه‌ماوه، نزیك به سه‌رجه‌م خێزانه‌كان ئاستی داهاتیان ئه‌وه‌نده نییه بتوانن پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.