ئەمەریكا بە فرۆشتنی چەك رووبەڕووی چین دەبێتەوە

:: AM:11:05:22/10/2020 ‌
ئەمەریكا ئەوەی پشتڕاست كردەوە بە بەهای دوو ملیار دۆلار چەكی بە تایوان فرۆشتبێت و ئاشكرای كرد، 125 مووشەكی salm-er كە دەتوانن خاكی چین بكەنە ئامانج داوەتە تایوان. چین كە دوژمنایەتییەكی دێرینی لەگەڵ تایوان هەیە، بەم هەنگاوە نیگەرانە و پێشتریش چەندان جار هەڕەشەی لە تایوان كردووە لەوانەیە بە زۆر داگیری بكات. 

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، كەمكردنەوەی هەژموونی چین بەسەر ناوچەكە یەكێكە لە ستراتیجەكانی ئەمەریكا و جگە لەو مووشەكانە، كۆمەڵێك چەكی تری وەك هاوەنهاوێژ و تەكنەلۆجیای وێنەگرتن بۆ دۆزینەوەی هەر جۆرە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی بە تایوان فرۆشتووە، بەهای كۆی ئەو چەكانە دەگاتە نزیكەی دوو  ملیار دۆلار.

ئەمەریكا لە نزیك چین ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەپارێزێت 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا یەكێك لە ئامانجەكانی فرۆشتنی ئەم چەكانە بە تایوانی بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا گەڕاندووەتەوە. وەزارەتی بەرگریی تایوانیش لە بەیاننامەیەكی جیاوازدا رای گەیاند ئەم چەكانە یارمەتی تایوان دەدەن باشتر بتوانێ بەرگری بكات.

چین ئەو وڵاتە بە بەشێك لە خاكی خۆی هەژمار دەكات
ئەمەریكا لە كاتێكدا ئەو چەكانەی بە تایوان فرۆشتووە كە چین ئەو وڵاتە بە بەشێك لە خاكی خۆی هەژمار دەكات و هەڕەشەی لە تایوان كردووە رێ بە دەستوەردانی وڵاتانی تر لە كاروباری وڵاتەكە و ناوچەكە بدات، ئەوا بەزۆر داگیری دەكات.

تایوان گرێبەستی كڕینی 66 فڕۆكەی جەنگیی F16شی لەگەڵ ئەمەریكادا واژوو كردووە، پێشبینی دەكرێ ژمارەی فڕۆكەكان بۆ 90 فڕۆكە بەرز بكاتەوە.

كێشە مێژووییەكان 

كێشە مێژووییەكانی نێوان چین و تایوان دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە و پێوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە جارێكی تر ئاڵۆز بوونەتەوە. پێشتر تسای ئینگ ئون سەرۆك كۆماری تایوان بە فەرمی داوای لە وڵاتانی  دنیا كردبوو پاڵپشتی نێودەوڵەتیی بكەن و لە دەستی چین بیپارێزن. چین ناوەناوە پێداگری لە لكاندنی تایوان بە خاكی خۆی دەكات.

تسای سەرۆكی تایوان تەمەنی 59 ساڵە و بە یەكەم سەرۆكی ژنی تایوان هەژمار دەكرێت و یەكەم كەسی حزبەكەیەتی و هەر لە رابردووەوە سیاسەتی حزبەكەی ئەوە بووە سەربەخۆیی وەربگرێت.

لە ساڵی 1979 جیمی كارتەر سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا پێوەندییەكانی لەگەڵ تایوان پچڕاند و پێداگری لە چینی یەكگرتوو كرد و ئەمەش بوو بە سیاسەتی فەرمی ئەمریكا بەرانبەر بە تایوان.  

كەم وڵاتی دنیا ئامادەیە تایوان وەك وڵاتێكی سەربەخۆ بە فەرمی بناسێت
بە هۆی ئەو گوشارانەی لە لایەن چینەوە لە ئارادایە، كەم وڵاتی دنیا ئامادەیە تایوان وەك وڵاتێكی سەربەخۆ بە فەرمی بناسێت. ئەڵمانیاش هیچ پێوەندییەكی دیپلۆماسییانەی لەگەڵ تایواندا نییە.

دەوڵەتی كۆماری چین لە ساڵی 1911 بنیات نرا  و لە ساڵی 1912 بە فەرمی ناسرا. ئەو دەوڵەتە لە رابردوودا هەموو چین و مەغۆلستانی لەخۆ دەگرت. لەدوای شەڕی دووەمی جیهانیی دوورگەكانی تایوان و پەینگۆی لە ژاپۆن ستاندەوە و دەستوورێكی نوێشی دانا كە لە ساڵی 1947 پەسند كرا. لە ماوەی شەڕی ناوخۆیی چین لە ساڵی 1949پارتی ناسیۆنالیستی چین كە بەسەر وڵاتدا زاڵ بوو بەرانبەر بە پارتی كۆمۆنیسیتی چین پاشەكشەی كرد، بە ناچار حكوومەتی كۆماری چین لە دوورگەی تایوان بنیات نرایەوە و تایپەش بوو بە پایتەختی ئەو حكوومەتە و خۆی بە خاوەندارییەتی یاسایی و شەرعی هەموو خاكی چین و مەغۆلستان هەژمار كرد.

تایوان و جەنگی سارد

ئەو حكوومەتەی لە تایوان دامەزرابوو لە سەرەتای شەڕی سارد لە لایەن زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە تاكە حكوومەتی یاسایی چین هەژمار دەكرا و تەنانەت لە دامەزرێنەرانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بوو و تا ساڵی ١٩٧١ ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێكخراوەكە بوو. هەر لەو ساڵەدا لە رێكخراوەكە دەركرا و كورسییەكەی بە كۆماری گەلی چین بەخشرا.

كۆماری گەلی چین حكوومەتی تایوان بە نایاسایی هەژمار دەكات و خوازیارە بگەڕێنرێتەوە سەر وڵاتەكەی. تایوان سەرەتا یەك حزب تێیدا حوكمی دەكرد، بەڵام دواتر بوو بە وڵاتێكی فرە حزبی. زۆر لە وڵاتانی دنیا لە ژێر كاریگەری چین پێوەندییان لەگەڵ تایواندا نییە و بە گشتی 21 وڵاتی دنیا تایوان بە فەرمی دەناسن.

هەڵبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا كە لە تایوان گۆڕانكاری سیاسی رووی داوە، پێوەندییەكانی نێوان چین و تایوانیش تا ئاستێك ئاسایی ببووەوە و تایوان بە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی چین هەژمار دەكرێت.

تایوان وڵاتێكی پێشكەوتووە

تایوان بە نۆزدەیەم ئابووری دنیا هەژمار دەكرێت و لە رووی تەكنەلۆجیا و پیشەسازی زۆر پێشكەتووە، لە رووی دیموكراسی و چاودێری تەندروستی و پەروەردەش پێگەیەكی باڵای هەیە.

چیانگ كای سەرۆكی ئەوكاتی چین دوای شۆڕشی كۆمۆنیستەكان بەرەو تایوان هەڵات و لەوێ حكوومەتەكەی دامەزراند و دەسەڵاتی كۆمۆنیستەكانی بە فەرمی نەناسی.

رووبەری تایوان 35 هەزار و 980 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی سەرووی 23 ملیۆن كەس دەبێت.
رووبەری تایوان 35 هەزار و 980 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی سەرووی 23 ملیۆن كەس دەبێت. دراوی فەرمی تایوان دۆلارە. كۆمپیوتەر، ئامێرەكانی كۆمپیوتەر و ئامێری ئەلیكترۆنیكی لە گرنگترین ئەو بەرهەمانەن ئەو وڵاتە هەناردەیان دەكات.


وشە - سلێمان تاشان