قەدەغەی هاوردەكردنی هێلكە سوودێكی زۆری بۆ ئابووری كوردستان هەیە

:: PM:02:07:22/10/2020 ‌
یەكێك لە گرنگرین ئەو بڕیارانەی لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەركراوە، بریتییە لە رێگریكردن لە هاوردەكردنی هێلكە لە وڵاتانی تر و بە گرنگترین هۆكاری پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ و پاراستنی سامانی نیشتمانیی هەژمار دەكرێت و رۆڵی هەرێمی كوردستان لە كڕیارەوە بۆ فرۆشیار دەگۆڕێت.

هێشتا لە كوردستان وەك پێویست ئەو هوشیارییە لای تاك دروست نەبووە
هەرچەندە ماوەیەكە نرخی هێلكە كەمێك گران بووە، بەڵام ئەگەر هاووڵاتی و كڕیار لە گرنگیی بڕیارەكە تێبگات، ئامادەیە گرانتریش بەرهەمەكە بكڕێت بێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەكی هەبێت . هێشتا لە كوردستان وەك پێویست ئەو هوشیارییە لای تاك دروست نەبووە پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی چ كاریگەرییەكی هەیە و چ سوودێك بە خۆی و وڵاتەكەی دەگەیەنێت.

هەر ئێستە حكوومەت دەتوانێ بە بڕیارێك نرخی هێلكە دابەزێنێت، بەڵام كە نایكات هۆكارەكەی چییە. تەبەقی هێلكە لە كێڵگەكانی پەلەوەری هەرێمی كوردستان هێشتا پێنج هەزار دیناری تێپەڕ نەكردووە، هەرچەندە نرخەكەی لە بازار بەرزترە، بەڵام ئەوەندە نییە هاووڵاتی نەتوانێ دابینی بكات.

ئەگەر گریمانەی ئەوە بكرێت بڕیاری هاوردەكردنی هێلكە بدرێت، ئەوا بەهۆی هەرزانبوونی بەهای تمەنی ئێرانی خێرا لە ئێرانەوە هێلكەیەكی زۆر هاوردە دەكرێت.

ئێستە لە ئێران لە بازاڕەكان تەبەقی هێلكە لە خوارووی 20 هەزار تمەن دەفرۆشرێت كە كەمترە لە هەزار دینار و بازرگان ئەگەر رێی پێ بدرێت، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانێت پێنج هێندەی نرخ ساغی بكاتەوە و ئەگەر 20 هەزار تمەنی تریش بۆ گواستنەوە خەرج بكات، هێشتا 60 هەزار تمەن قازانج دەكات واتە سێ هێندەی بەرهەمهێنەر دەچێتە گیرفانیەوە.

ئەم دۆخە وا دەكات زۆر لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی پڕۆژەكانیان بوەستێنن و چیتر بەرهەم نەخەنە بازاڕەوە
كاتێك ئەم هێلكەیە دەگاتە كوردستان، بەرهەمهێنەری ناوخۆیی هیچ چارەیەكی نییە جگە لەوەی بە نرخێكی هەرزان و تەنانەت بە زەیان بەرهەمەكەی بفرۆشێتەوە. دواجار ئەم دۆخە وا دەكات زۆر لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی پڕۆژەكانیان بوەستێنن و چیتر بەرهەم نەخەنە بازاڕەوە، كرێكارەكانیشیان بۆ ماڵەوە رەوانە بكەنەوە و لە جیاتی ئەو هەمووە ماندووبوونە و بینینی زیان، ئەویش رۆڵی خۆی لە بەرهەمهێنەرەوە بۆ بازرگان دەگۆڕێت و پارەكەی دەباتە دەرەوەی وڵات و بێ سەر ئێشە هەوڵی دەستخستنی قازانجی زیاتر دەدات.

بەڵام زیانە گەورەكە بۆ كۆی هەرێمی كوردستان و سامانی نیشتمانییە. یەكەم ئەو پارەیەی پێشتر بە بەرهەمەكە دەدرا نەدەچووە دەرەوە و هەر دەچووە گیرفانی بەرهەمهێنەرێكی ناوخۆیی. ئەو بەرهەمهێنەرە ناوخۆییەش راستە سوودی دەست دەكەوێت، بەڵام هۆكارە لە دابینكردنی هەلی كار بۆ خەڵكی تر و پڕۆژەكانی بەرهەمهێنان تا زیاتر بن، ئەوا هەلی كاری زیاتر دروست دەبێت و خەڵكێكی زۆر لە گواستنەوە و بەبازاڕكردن كاریان دەست دەكەوێت.

دەبێتە هۆی گواستنەوەی سامان لە دەرەوەی كوردستانەوە بۆ ناوخۆی كوردستان
سوودێكی تری پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئەوەیە جگەلە پاراستنی سامانی نیشتمانی، دەبێتە هۆی گواستنەوەی سامان لە دەرەوەی كوردستانەوە بۆ ناوخۆی كوردستان كە پێشتر پێچەوانە بووە و ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ ئەو مەبەستە رەوانەی دەرەوە كراوە.

بەپێی ئەو ئامارەی دكتۆر فیراس سدیق بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ بۆ "وشە" خستوویەتەڕوو، لە هەرێمی كوردستان ژێرخانی پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە دەگاتە ملیارێك و 349 ملیۆن هێلكە لە ساڵێكدا، بەڵام  پێداویستی ناوخۆ 800 ملیۆن هێلكەیە.

هەر ئێستە پڕۆژەكانی هەرێمی كوردستان سەرووی پێداویستی ناوخۆ بەرهەم دەهێنن و بەشێكیش بۆ پاریزگاكانی عێراق دابین دەكەن. هەرێمی كوردستان توانای هەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەرهەمهێنان بۆ دوو هێندەی پێداویستی بەرز بكاتەوە.

ئەم هاوكێشەیە پێمان دەڵێت هەرێمی كوردستان جگە لە بەگەڕخستنی سامانی ناوخۆیی لە ناوخۆ، بڕێكی زۆریش سامانی دەرەكی بۆ ناوخۆ دەگوازێتەوە و ئەمەش كاریگەری هەیە لەسەر گەشەی ئابووری وڵات كە هەموو تاكێك راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەم سوودە بەشدار دەبێت.

لە هەولێر هەشت پڕۆژەی مریشكی هێلكەكەر هەن كە وزەی بەرهەمهێنانیان سەرووی یەك ملیار هێلكەیە
لە هەولێر هەشت پڕۆژەی مریشكی هێلكەكەر هەن كە وزەی بەرهەمهێنانیان سەرووی یەك ملیار هێلكەیە لە ساڵێكدا. لە دهۆك دوو پڕۆژە، لە گەرمیان پڕۆژەیەك، لە سلێمانیش پڕۆژەیەكی تر هەیە كە تواناكە بۆ نزیكەی ملیارێك و 350 ملیۆن هێلكە بەرز دەكەنەوە، هەشت پڕۆژەی تریش لە جێبەجێكردندان و رۆڵی هەرێمی كوردستان لە كڕیارەوە بۆ فرۆشیار دەگۆڕێت و سەرجەم پێداویستی عێراق دابین دەكات.


وشە - سلێمان تاشان