شەمووی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی خۆی ساز دەكات و چەندان بابەتی گرنگی خستووەتە ناو كارنامەی دانیشتنەكە، لەوانە مووچەی فەرمانبەران و یاسای هەڵبژاردن و قەرزكردن، بەگشتی كارنامەی دانیشتنەكە لە 15 بڕگە پێكهاتووە.
مووچەی سێ مانگی داهاتووی عێراق لەمەترسیدایە
وەك لە بەیاننامەیەكی
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق هاتووە، لە بڕگەكانی كارنامەی دانیشتنەكە، تەواوكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی یاسای نوێی هەڵبژاردن، یەكەم خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای پاڵپشتی دارایی كورتهێنانی دارایی (قەرزكردن)، دووەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاسای ژنە رزگاركراوەكانی ئێزیدی و یەكەم خوێندنەوەی پێشنیازی یاسای كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان، دانیشتنەكە سەعات 12ی نیوەڕۆ ساز دەكرێت.
لای خۆیەوە ئەمڕۆ پێنجشەم بەشیر حەداد، دووەم جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی كرد كە عێراق بەدۆخێكی ئابووری سەختدا تێپەڕ دەبێت و وشكە پارەی پێویستی نییە بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی، بۆیە شەموو پەرلەمان پڕۆژە یاسای قەرزكردن تاوتوێ دەكات.
زیاتر گوتی، لە رێگەی پڕۆژەكەوە حكوومەت داوا دەكات دەسەڵاتی فرەوانتری بۆ فەراهەم بكرێ بۆ قەرزكردنی بڕی 41 ترلیۆن دینار بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی سێ مانگی داهاتووی مووچەی فەرمانبەران.
حەداد ئاشكرای كرد كە پێیان وایە پەرلەمان یاساكە پەسند دەكات بە چەند مەرجێك، لەوانە تاوتوێكردنی نووسراوی چاكسازی و لەسەر ئەو بنەمایە دەنگ لەسەر یاساكە دەدرێت، چونكە ناچارین و ئەگەر یاساكە تێپەڕ نەبێت، مووچەی سێ مانگی داهاتووی عێراق دەكەوێتە مەترسییەوە.