فوئاد حوسێن: بڕیاری كشاندنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا ماوە و سڕ كراوە

:: PM:03:27:22/10/2020 ‌

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی بەردەوامی مووشەكبارانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماسییەكان لە عێراق، ئەمەریكا هەڕەشەی داخستنی باڵوێزخانەی لە بەغدا كرد، كە عێراقی دەخستە ناو چەندان تەنگژەی نوێ كە ناتوانێ بەرگەیان بگرێت، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی كرد كە بڕیارەكە هەیە، بەڵام سڕ كراوە.
داوامان لە وڵاتانی رۆژئاوا كرد بۆ رازیكردنی ئەمەریكا بۆ چاوخشاندنەوە بە بڕیارەكەی
وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، بڕیاری واشنتن بە كشاندنەوەی باڵوێزخانەی لە بەغدا پێوەستە بە ئیدارەی ئەمەریكا، ئەگەر جێبەجێی بكات، چەندان لێكەوتەی سیاسی و تەناهی دەبێت، بۆیە جموجۆڵێكی فرەوانمان دەست پێ كرد و راستەوخۆی پێوەندیمان بە واشنتن و بەرپرسانی ئەمەریكا كرد.

روونی كردەوە، هەروەها پێوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە كرد بۆ رازیكردنی ئەمەریكا بۆ چاوخشاندنەوە بە بڕیارەكەی، بۆیە بڕیارەكە هەر هەیە، بەڵام سڕ كراوە، سەبارەت بە پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، حوسێن گوتی، بڕیاری كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، لەسەر بنەمای رێككەوتنی بەغدا و واشنتن بووە، نەوەك بەهۆی بڕیاری پایەتەختێكی تر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل