پارێزگایەکی کوردستان یەك لەسەر سێی هەنگوینی ئێران دابین دەکات

:: PM:03:28:22/10/2020 ‌
هەنگەوانی یەكێك لە پیشە گرنگ و پڕ داهاتەكانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەو پیشەیەش لە ورمێ زیاتر لە پارێزگاكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان پەرەی پێ دراوە و یەک لەسەر سێی هەنگوینی ئێران لەم پارێزگایە بەرهەم دەهێنرێت.

كەشوهەوای لەباری ئەم پارێزگایە وایكردووە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە هەنگەوانان بە ئامانجی بەخێوكردنی هەنگەكانیان و بەرهەمهێنانی هەنگوین روو لە كوێستانەكان بكەن.

زۆری دارستان و باخەكانی میوە لەم پارێزگایە دەرفەتی بۆ كاری هەنگەوانی خۆش كردووە، بەتایبەتی لە وەرزی بەهاردا 480 هەزار دۆنم باخی میوە گوڵ دەكات و بەشێك لە هەنگەوانانیش لە گوند  ونزیك دارستانەكان خەریكی بەخێوكردنی هەنگەكانیان دەبن.

یەك ملیۆن و 350 هەزار كوورەی هەنگ لە پارێزگاكە هەیە
رەسوول جەلیلی بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی ورمێ ئاشكرای كرد یەك ملیۆن و 350 هەزار كوورەی هەنگ لە پارێزگاكە هەیە و هەلی كاری بۆ 11 هەزار كەس دابین كردووە.

بەگوێرەی ئیرنا تێكڕای بەرهەمهێنانی ساڵانە لە هەر كوورەیەك 17 كیلۆگرامە و شاری خۆی لە باكوری پارێزگاكە لە بەرهەمهێنانی هەنگویندا لە ریزبەندی یەكەمدا دێت.

پیشەسازی قوتووبەند كردنی هەنگوینیش پەرەی پێ دراوە و لە شارەكانی مەهاباد ورمێ و خۆی كارگەی مۆدێڕن و پێشكەوتوو كراونەتەوە.




وشە - سلێمان تاشان