بردنەوەی ترەمپ بازنەی ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل فرەوانتر دەكات

:: PM:06:32:22/10/2020 ‌

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا چەندان بڕیار و هەنگاوی هاوێشت كە بۆ هەندێك سەركێشی و بۆ هەندێكی تر بوێری لەقەڵەم درا، ئەو لە ناوخۆی ئەمەریكا و لە دەرەوەیش چەند بڕیارێكی دا كە كاریان كردە سەر ئاراستەی رووداوەكان و گەرمتری كردن، سەبارەت بە ئیسرائیل، جیا لەوەی دەستی كردەوە لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە نەیارەكانی لە ناوچەكە، هەڵمەتێكی بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە دەست پێ كرد، پێشتریش دانی بە قودس وەك پایەختی ئەو وڵاتە دانا و هەوڵی واژووكردنی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ فەڵەستینییەكان دا.
ئەگەر هەیە بەمنزیكانە ئاشتی نێوان سوودان و ئیسرائیل بێتە راگەیاندن
لە ماوەی دواییدا، وردتر لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و بوونی كێبەركێیەكی توند لە نێوان ترەمپ وەك كاندیدی كۆمارییەكان و جۆ بایدن، وەك كاندیدی دیموكراتەكان، هەنگاوەكانی ترەمپ و مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی و گارید كۆشنێری راوێژكاری، خێراتر بوون بەرەو ئاساییكردنەوەی پێوەندی چەند وڵاتێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەیش بە بەكارهێنانی هەموو ئامرازێكی گوشاری سیاسی و ئابووری بۆ ئەو مەبەستە.

لە ماوەی رابردوو هەریەك لە ئیمارات و بەحرێن چوونە ریزی میسر و ئوردن، لە ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل، كە ئێستە قسە و باس لەسەر هەریەك لە سوودان و عێراقیش دەكرێت، جیا لەوانەیش چوار وڵاتی تر چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمەریكا و بردنەوەی ترەمپن بۆ خولێكی تری سەرۆكایەتی بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرانبەر چەند بەڵێن و دەستكەوتێك.  

شیكارییەكی ماڵپەڕی "ئەكسیۆس"ی ئەمەریكی ئاماژەی كرد كە ژمارەیەك لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمەریكا دەكەن بۆ راگەیاندنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، ئاماژەی كرد، ئیدارەی سەرۆك ترەمپ دەیەوێ ناوی سوودان لە لیستی وڵاتانی پاڵپشت بۆ تیرۆر لاببات، هاوكات لەگەڵ واژووكردنی رێككەوتنێكی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بەر لە هەڵبژاردنی ئەمەریكا، بۆیە رەنگە ئەو كارە لەهەر كاتێك بەمنزیكانە رووبدات.  

راپۆرتەكە رووناكی خستە سەر ژمارەیەك وڵات ئەگەری هەیە بەمنزیكانە رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ساز بكەن لە پێشەوەیان سعوودیە، كە پاڵپشتی لە رێككەوتنی ئاشتی ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن كرد، راپۆرتەكە دەڵێت، هەڵوێستی راگەیندراوی سعوودیە تەواوكردنی گفتوگۆكانی نێوان فەلەستینییەكان و ئیسرائیلە، بەڵام لەكاتی بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردن، هاتنی سعوودیە بۆ ناو رێككەوتنامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل خێرا دەكات.

وەك راپۆرتەكە ئاماژەی كردووە كە دووەم وڵات دوای سعوودیە ئەگەری ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ تەلئەبیب هەیە، مەغریبە، كە ئەوەیش چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمەریكا و بردنەوەی ترەمپ دەكات، كە لەكاتی بردنەوەی، مەغریب هەوڵی بەستنەوەی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل بە دداننانی ئەمەریكا بە سەروەری مەغریب بەسەر ناوچەی بیابانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە دەدا، كە لە حاڵەتی بردنەوەی بایدن، كە بەو داوایەی مەغریب رازی نابێت، مەغریب ددان بە ئیسرائیل نانێت.

سێیەم دەوڵەت بریتییە لە سوڵتاننشینی عومانە، كە خاوەن پێوەندییەكی درێژخایەنی نافەرمییە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام سوڵتانی نوێ دەیەوێ ئێستە بەهێواشی لە پرسی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل هەنگاو بنێت، بۆیە بەرپرسانی ئەمەریكی و ئیسرائیل پێشبینی دەكەن عومان لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمەریكا هەڵوێست وەربگرێت. 

دوای عومان، قەتەڕ دێت كە پێوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەتایبەتی هاریكاری سەبارەت بە كەرتی غەزەی فەلەستینی، بەڵام وەك راپۆرتی ئەو ماڵپەڕە ئەمەریكییە ئاماژە دەكات، لەوكاتەی ئەمەریكا دەیەوێ پێوەندییەكانی قەتەر و ئیسرائیل ئاسایی ببێتەوە، ئاڵۆزییەكانی كەنداو لە نێوان قەتەڕ و سعوودیە و ئیمارات و بەحرێن، پرسی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ئاڵۆز دەكات. 

ئیسرائیل لە 15ی مانگی رابردوو بە چاودێری ترەمپ لە واشنتن رێككەوتنێكی ئاشتی لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن واژوو كرد، بەوەیش ئیمارات بووە یەكەم وڵاتی كەنداو و سێیەم دەوڵەتی عەرەبی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل واژوو بكات، لەوكاتەی بەحرێن دەبێتە چوارەم دەوڵەت، دوای ئەوەی میسر لە 1979 و ئوردن لە 1994 رێككەوتنی ئاشتیان لەگەڵ تەلئەبیب واژوو كرد.  

دوێنێ چوارشەم شاندێكی ئیسرائیلی سەردانی سوودانیان كرد بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیان، ئەوەیش دوای ئەوەی وەزیرێكی ئیسرائیل رای گەیاند كە رێككەوتنی ئاشتی نێوانیان رەنگە نزیك بووبێتەوە، كاتێك ئیلی كوهین، وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل لە لێدوانێكی رای گەیاند كە رەنگە رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ سوودان نزیك بووبێتەوە.

لە ماوەی ئەم هەفتەیە هاوكات لەگەڵ گەشتێكی ئەوروپای مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، میسال ئالووسی، سیاسەتوانی عێراق ئاماژەی كرد كە لە میانی سەردانی كازمی بۆ لەندەن لە كۆتای ئەم هەفتە، دۆسیەی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل دەخرێتە روو.

زیاتر گوتی، بەریتانیا بە ئاراستەی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی عێراق و ئیسرائیل پاڵ دەنێت و یەكەم دیداری نێوان سەرۆك وەزیرانێكی عێراقی و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، بە هاوئاهەنگی و رێكخستنی تۆنی بلێری سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بووە، ئەو سیاسەتوانە روونی كردەوە، پێویستە عێراق واز لە بیركردنەوەی دوژمنداریكردنی ئیسرائیل بێنێت.

لە ماوەی دواییدا بەها ئەعرەجی، سەركردەیەكی پێشووی رەوتی سەدر، لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی هەڵای نایەوە كاتێك رای گەیاند كە بڕیاری ئاساییكردنەوەی لەگەڵ ئیسرائیل لە نەجەف دەردەچێت، ئەوەیش وای كرد لایەنگرانی سەدر هەڵبكوتنە سەر ماڵی لە بەغدا و بیسووتێنن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل