چالاكانی ئێرانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تۆمارێكی ڤیدیۆییان بڵاو كردەوە تیایدا كچێكی ئێرانی دەردەكەوێ رووخساری لەخوێن سوور بووە و شوێنەواری لێدانی پێوە دیارە، ئەوان دەڵێن ئەو كچە لەلایەن بەرپرسێكەوە دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر و دووگیان كراوە و لێشی دراوە.
كۆمەڵگە لەبری ستەمكار قوربانی سزا دەدات
دەروێش میعمار، رۆژنامەوانی ئێرانی یەكێك لەوانە بوو كە زوو ڤیدیۆكەیان بڵاو كردەوە كە تیایدا كچەكە دەردەكەوێ دوای دەستدرێژی سێكسی و جەستەیی لەلایەن بەڕێوەبەری دامەزراوەیەك لە شاری ئەبادان لە باشووری رۆژئاوای ئێران، لە ڤیدیۆكە كچەكە دوای لێدان و سووركردنی رووخساری بەخوێن، كارمەندێكی تەناهی دێ و پێ و داركەی دەستی دەخاتە سەر جەستەی كچەكە، بەر لەوەی دەست بخاتە سەر جەستەی بۆ پێوانی ترەپەی دڵی.
میعمار دەڵێت، ئەو كچە لەلایەن بەڕێوەبەرێك لە ئەبادان دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر و دووگیان كراوە، ئەوكاتەی چووەتە ماڵی پیاوەكە و ناڕەزایەتی دەبڕیوە و دەنگی بەرز كردووەتەوە، ئەندامانی خێزانی پیاوەكە هەموویان بە یارمەتی كارمەندانی تەناهی دەستدرێژیان كردووەتە سەری و لێیان داوە.
لەبارەی ڤیدیۆكە روونی كردەوە، زەمیرەكان بێدەنگن و كۆمەڵگە لەبری ستەمكار، قوربانی سزا دەدات، ئەو رۆژنامەوانە ناسنامەی قوربانی و دەستدرێژكارەكەی ئاشكرا نەكرد، بەڵام كەسانی تر كەسێكیان بەناوی جیهان نەژادیان، تۆمەتبار كرد و هاشتاگێكیان بەو ناوە دروست كرد.