لە 2014 ئێزدییەكان لە ناوچەی شنگال و دەوروبەری دووچاری دڕندانەترین تاوانی كۆمەڵكوژی بەدەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش هاتنەوە، تا ئێستەیش چارەنووسی ژمارەیەكیان دیار نییە، لەوكاتە دەیان گۆڕی بەكۆمەڵیان دۆزراونەتەوە، بەڵام هەڵنەدراونەتەوە، دەستەی لێكۆڵینەوە لە كۆمەڵكوژی ئەوان رای گەیاند كە هەفتەی داهاتوو لە دوو گوندی ناوچەكە گۆڕ هەڵدەدەنەوە.
لە كۆی 80 گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال 17 گۆڕ چارەسەر كراوە
رائد فەلاح حەسەن، ئەندامی دەستەی لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگەنامەكان لەبارەی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، شەمووی داهاتوو دەستەكەیان دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە هەردوو گوندی كۆجۆ و سۆڵاغ لە شارۆكەی شنگال دەكات.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ ئامادەسازی لەلایەن تیمە نیشتمانییەكانی دەستەكە كراوە، كە نوێنەری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە پێوەندیدارەكانی عێراق بە گۆڕە بەكۆمەڵەكان تیادایە، ئاماژەی كرد، فەرمانگەی پزیشكی دادوەری لە بەغدا توانوویەتی پشكنین بۆ 62 رووفاتی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شنگال ئەنجام بدات.
شایەنی باسە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كارەكانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدی قوربانیانی دەستی داعش وەستا بوو و بە قسەی ئەو ئەندامەی دەستەكە تا ئێستە 17 گۆڕی بە كۆمەڵیان لە كۆی 80 گۆڕ لە شنگال چارەسەر كردووە.