خانەقین.. حەشدی شەعبی لە ترسی خەڵك رووداوەكەی بەغدایان دووبارە نەكردەوە

:: PM:09:31:22/10/2020 ‌

بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین دووپاتی كردەوە كە حەشدی شەعبی بەنیاز بوون بە هاوشێوەی بەغدا هێرش بكەنە سەر بارەگای پارتی و ئاڵای كوردستان بسووتێنن و داوای ئازادكردنی گیراوانیان بكەن، بەڵام لە ترسی خەڵك ئەو كارەیان نەكرد. 
چەكدارانی حەشد شەعبی لە ترس و دڵەراوكێدان
جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، حەشدی شەعبی بازگەیەكیان لەنێوان شارەبان و خانەقین دانا بوو و دەستدرێژیان دەكردە سەر خەڵك، كە وەك پشتیوانی بۆ سووتاندنی ئاڵای كوردستان، خەڵكی خۆیان هێنا بوو بۆ ئەوەی خۆپێشاندن بكەن، ئەوان سەر بە قەیس خەزعەلی بوون و بەنیاز بوون بچنە سەر بارەگای پارتی و بە هاوشێوەی بەغدا ئاڵای كوردستان بسووتێنن، بەڵام زانیان خەڵك قبووڵ ناكا و وەڵامیان دەبێت، ترسان.

شێخ مستەفا روونی كردەوە، ئەوان زانیان خەڵكی خانەقین لەسەر ئاڵای كوردستان بێ دەنگ نابن و كێشەیان بۆ دروست دەبێت، پشتگیریان لە گرووپی سەر بە خەزعەلی نەكرد و پەشیمان بوونەوە، چونكە سوور بوون هەمان كاری لە لقی بەغدا كردیان، بیكەنەوە، بۆیە ئێستەیش مەترسی هەیە، بەڵام لە كوردانی خانەقین دەترسن و ناوێرن خۆیانی لێ بدەن، ئەگینا دەمێك بوو بۆ ئازادكردنی گیراوانیان لە هێرشەكەی بەغدا هەڵوێست دەردەبڕن.

لای خۆیەوە بێستوون باجەلان، چالاكی مەدەنی لە خانەقین بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، چەكدارانی حەشد شەعبی لە ترس و دڵەراوكێدان، پاش ئەوەی پەلاماری بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستانیان دا لەبەغدا، ترسی ئەوەیان هەیە هاووڵاتییان پەرچە كرداریان هەبێ بەرامبەریان.

هەر لەوبارەوە ئەبو مونتەزەر، یەكێك لە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی لە خانەقین بۆ"وشە"رای گەیاند، چەكدارەكانیان خۆپێشاندانیان نەكردووە و ئەگەر هاووڵاتی بۆ پاراستنی حەشد ناڕەزایی دەرببڕێَ، ئەوە لای خودی خەڵكە بۆ ئەوەیە حەشد تۆمەتبار نەكرێت. 

خانەقین/ سەبری هۆرینی- بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل