وەزارەتی دارایی: پارەی گەنمی جووتیاران گەیشت

:: AM:11:35:19/10/2016 ‌

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، كە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە گەیشتووەتە بانكەكانی هەرێمی كوردستان.

لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەم پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان گەیشتە بانكەكانی هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی داوە، دوای تەواوبوونی رێكارە یاساییەكان، دەست بە دابەش كردنی پارەكە بەسەر جووتیاران دەكرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان زانیاری لەبارەی بڕی پارەكە ئاشكرا نەكردووە.

جێی باسە جووتیارانی هەرێمی كوردستان پارەی گەنمی ساڵی 2014 و 2015 و 2016یان لای حكوومەتی عێراق ماوە و تا ئێستە هەمووی خەرج نەكراوە.

پێشتر نەجیبە نەجیب ئەندامی لێژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" گوتی، كە بەغدا بڕیاری داوە بڕی 309 ملیار دینار وەك پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2014 و 2015 ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د