فڕەنسا داوای لە وڵاتانی عەرەبی كرد پێش بە بایكۆتی بەرهەمەكانی بگرن

:: PM:04:15:26/10/2020 ‌
فڕەنسا دوای لە وڵاتانی عەرەبی كرد دژی ئەو بانگەوازانە بوەستن كە باس لە بایكۆتی بەرهەمەكانی فڕەنسا دەكەن. وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا پێی ایە ئەو بانگەوازانە لە لایەن كەمینەیەكی توندئاژۆ رێك خراون.

نارەزایەتییەكان دژی سەرۆكی فڕەنسا دوای ئەوە دەستی پێ كرد كە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتە بەرگری لە مافی نمایشكردنی كاریكاتێری پێغەمبەری ئیسلام كرد.
لە بەشێكی ماركێتەكانی ئوردن و كوێت و قەتەر، بەرهەمەكانی فڕەنسا كۆ كراونەتەوە

لە بەشێكی ماركێتەكانی ئوردن و كوێت و قەتەر، بەرهەمەكانی فڕەنسا كۆ كراونەتەوە و بایكۆتی فرۆشتنیان كراوە و لە سووریا و كەرتی غەزە و لیبیاش هەندێك نارەزایەتی رێك خراون.

ماكرۆن گوتبووی "ساموئێل پاتی كوژرا، چونكە ئیسلامییەكان داهاتوی ئێمەیان دەوێت بەڵام فڕەنسا واز لە كاریكاتێر ناهێنێت."

ئەو قسانەی ماكرۆن دوای ئەوە گوتران كە ئەو پێداگری لە بنەماكانی عەلمانیەت  و سیستەمی سێكۆلار لە فڕەنسا كرد و بەرانبەر ئیسلامیی توندئاژۆ بەرگری لێ كرد.
نابێت رێگە بدرێت ئیسلامییە توندئاژۆكان داهاتوو كۆنترۆڵ بكەن.

مامۆستایەك لەسەر پێشاندانی كاریكاتێری پێغەمبەری ئیسلام لە ناو پۆلێكدا لە فڕەنسا لە لایەن ئیسلامخوازێكی توندئاژۆ كوژرا و دواتر ئەو رووداوە تیرۆریستییە كۆمەڵگەی فڕەنسای هەژاند. دوای ئەم رووداوە قسەیەكی زۆر لەسەر ئیسلامی توندئاژۆ و كاریگەرییەكانی كرا و سەرۆكی فڕەنساش لە پەیامێكدا باسی لەوە كرد نابێت رێگە بدرێت ئیسلامییە توندئاژۆكان داهاتوو كۆنترۆڵ بكەن.
ماكرۆن بەردەوام دووپاتی رێزگرتنی ئەو ئازادییانەی كردووەتەوە

فڕەنسا لەو وڵاتانەیە كە ئازادییەكی زۆری هەیە و ماكرۆن بەردەوام دووپاتی رێزگرتنی ئەو ئازادییانەی كردووەتەوە و گوتوویەتی هەرگیز خۆ بەدەستەوە نادەن و بە خاتری هەستی هیچ گرووپێك لە ئازادییەكانیان پاشەكشە ناكەن.

لە كوێت و ئوردن و بەشێك لە وڵاتە عەرەبییەكان بایكۆتی بەرهەمەكانی فڕەنسا كراوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش گرووپ و لایەن ئیسلامیەكان بە چالاكی جۆراوجۆر بانگەشە بۆ بایكۆتی بەرهەمەكانی فڕەنسا دەكەن.

هەشتاگێك داوای بایكۆتی زنجیرە ماركێتەكانی كارفۆر لە سعوودیەی كردووە كە بە دووەم گەورەترین و پڕبازاڕترین ماركێتی فڕەنسا لەو وڵاتە هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی بی بی سی لە لیبیا و ئەو بەشەی سووریا كە ئیسلامییە توندئاژۆكانی لێیە و لە لایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن خۆپێشاندان رێكخراوە و دژی فڕەنسا دروشمی جۆراوجۆریان بەرز كردووەتەوە.

ئەوەی ماكرۆن قسەی لەسەر كردووە دوو شت بووە یەكەمیان ئەوەیە بەرگری لە ئازادییەكانی فڕەنسا كردووە و لە لایەكی تریش دژی ئیسلامی رادیكاڵ و توندئاژۆ هەڵویستی هەبووە و گوتوویەتی دەبێت سنوورێكیان بۆ دابنرێت.

پێویستە بگوترێت ئەم بابەتە بە سیاسی كراوە و بەشێك لە رێبەرانی دنیا دەیانەوێت هەستی موسڵمانان لە قازانجی خۆیاندا بقۆزنەوە و خۆیان وا نیشان بدەن بەرگریكاری ئیسلامن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا تا ئێستە دوو جار بە توندی دژی ماكرۆن قسەی كردووە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا تا ئێستە دوو جار بە توندی دژی ماكرۆن قسەی كردووە و فڕەنساش بەرانبەر ئەو هەڵویستەی ئەردۆغان بانگهێشتی باڵویزی توركیا لە فڕینسای كردووە.

ئەردۆغان خۆی لەو كەسانە بووە چەكی كیمیایی بەرانبەر بە منداڵانی كورد بەكار هێناوە و رۆژانە قەتڵوعامیان دەكات  و گەورەترین ستەمی بەرانبەر گەلێكی موسڵمان بە رەوا زانیوە.

عەمران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستانیش بە ماكرۆنی گوتووە بۆی نییە قسە لەسەر ئیسلام بكات چونكە شارەزای ئیسلام نییە. ئەو دەڵێت فڕەنسا پەرەی بەوە داوە خەڵك زیاتر لە ئیسلام بترسێت و هەر ئەوەش وای كردووە لە بەرانبەردا ئیسلامیی توندئاژۆش گەشە بكات.
لە كوردستانیش بەشێك لە هاووڵاتیان لە ژێر كاریگەریی حزبە ئیسلامییەكان و كەسایەتییە بانگخوازەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جنێو بە ماكرۆن دەدەن و زۆربەشیان ئاگایان لە رووداوەكان نییە و تەنانەت نازانن ماكرۆن چی گوتووە.

فڕەنسا لەو وڵاتانە بووە لە چەند دەیەی رابردوودا پڵپشتی لە كورد كردووە
پێویستە بگوترێت فڕەنسا لەو وڵاتانە بووە لە چەند دەیەی رابردوودا پڵپشتی لە كورد كردووە و دوای كۆڕەوەكەی ساڵی  1991 یەكەم وڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایش بوو داوای پاراستنی هەرێمی كوردستانی كورد و قەوارەی سیاسی و هەرێمی كوردستان لەسەر دەستی فڕەنسا دامەزرا.

لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا فڕەنسییەكان سۆزیان هەبووە و پزیشكەكانیان پەیتا پەیتا دەهاتنە ناوچە شاخاوییەكان و برینی پێشمەرگەیان تیمار دەكرد.

فڕەنسییەكان لە جەنگی دژی داعشیش فریای هەرێمی كوردستان كەوتن و بە فڕۆكەكانیان  هیزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانیان لە داعش پاراست.



وشە - سلێمان تاشان