ئازادكردنی ملیاران دۆلاری ئێران بە هەڵبژاردنی ئەمەریكا گرێ دراوە

:: PM:02:46:27/10/2020 ‌
ئێران بڕێكی زۆری دراوی لە دەرەوەی وڵات هەیە، بەڵام بەشی زۆری ئەو پارانە دەستیان بەسەردا گیراوە و بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا ئێران ناتوانێ پارەكە بگوازێتەوە.

هەڵبژاردنی ئەمەریكا

حوسێن تەنهایی سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران و كۆریای باشوور ئاشكرای كرد، هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری ئێران لە بانكەكانی كۆریای باشوور بلۆك كراوە و ئازادكردنیان بە هەڵبژاردنی ئەمەریكا گرێ دراوە.

پێویستە بگوترێت كۆریای باشوور خۆی كێشەی لەگەڵ ئێراندا نییە، بەڵام سیستمی نێودەوڵەتی گواستنەوەی دارایی و گرێدانی بانكەكان بە یەكتر و بەسترانەوەی بەرژەوەندییەكانیان هۆكارە لەوەی نەتوانن سەربەخۆیانە پارەی ئێران بگەڕێننەوە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، بانكەكانی كۆریای باشوور تەنانەت بەو دۆخە دڵخۆش نین و دەڵێن ئێران دەبێت لە بری هەڵگرتنی ئەو پارەیە پارە بە كۆریای باشوور بدات.

بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا، دەست بەسەر 40 ملیار دۆلاری ئێران گیراوە كە 20 ملیار دۆلار لەو پارەیە لە چینە.
پێشتر بڵاو كرابووەوە بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا، دەست بەسەر 40 ملیار دۆلاری ئێران گیراوە كە 20 ملیار دۆلار لەو پارەیە لە چینە. لە هیندستان حەوت ملیار دۆلار، كۆریای باشوور بە شەش ملیار دۆلار و عێراق بە دوو ملیار دۆلار و ژاپۆن بە یەك و نیو ملیار دۆلار لە پلەكانی تردا دێن. 

هەرچەندە راپۆرتی جیاواز لە بارەی پارەكانی ئێران هەیە و هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن قەبارەی پارەی دەست بەسەرداگیراو لە دەرەوە زۆر لەوە زیاترە بە فەرمی دەخرێتە ڕوو.

پارەی دەست بەسەرداگیراو زۆر زیاترە

لە راپۆرتی پێشووی سندووقی نێودەوڵەتی دراو كە بەهاری ئەمساڵ بڵاو كرایەوە، باس لەوە كرابوو قەبارەی ئەو داراییانەی لە دەرەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و هی ئێرانن، دەگاتە 85 ملیار دۆلار و ئەو بڕەش لە هی ساڵی 2019 نزیكەی 19 ملیار دۆلار كەمتر بووە و پێشبینی دەكرێ لە ساڵی داهاتوودا ئەو بڕە پارەیەش بۆ 69 ملیار دۆلار دابەزێت.

لە راپۆرتەكەدا بە گشتی ئاماژە بەوە نەكراوە كۆی سامان و پارەی ناوخۆیی و دەرەكی چەندە، بەڵام ئاماژە بەوە كراوە كۆی ئەو بڕە پارەیەی لە بەردەستی حكوومەتی ئێراندایە چەندە كە بە هەشت ملیار و 800 ملیۆن دۆلار دەستنیشان كراوە، بڕی ئەو پارەیەش ئەوەندە كەمە كە لە داهاتوودا كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر دراوی ئێرانی دەبێت و دیسان كەمبوونەوەی دراوی بیانی لە نرخی تمەن دادەبەزێنێت.

هەر ئەمساڵ بەهای دۆلار بەرانبەر تمەنی ئێرانی دوو هێندە هەڵكشاوە و تەنانەت تا سەرووی 32 هەزار تمەنیش بۆ هەر دۆلارێك تۆمار كراوە. گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بریتییە لەوەی قەبارەی ئەو دۆلارەی رۆژانە دەخرێتە بازاڕەوە، زۆر لە ئاستی داخوازی هاووڵاتییان كەمترە. حكوومەت تەنیا كاتێك دەتوانێ رێگری لە زیاتر دابەزینی نرخی تمەن بكات كە پارەی زیاتری دۆلاری بەدەستەوە بێت و بە هۆكار و بیانووی جیاواز بیڕژێنێتە بازاڕەكانەوە.

لە چاوەڕوانی ئیمامی زەمان

ئێران چاوەڕوانی هەڵبژاردنی ئەمەریكا دەكات و پێی وایە ئەگەر جۆ بایدن لەم هەڵبژاردنەدا بیباتەوە، ئەوا هەناسەیەك بە ئابووری ئێران دەدرێت و بەشێكی زۆر لە گوشار و سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران كەم دەبنەوە، لەو كاتەشدا ئێران دەستی بە پارەكانی رادەگات و دەتوانێ سوودیان لێ وەربگرێت.

رێككەوتنی ناوكیی لە سەردەمی دیموكراتەكاندا واژوو كراوە
رێككەوتنی ناوكیی لە سەردەمی دیموكراتەكاندا واژوو كراوە، بۆیەش ئەگەر دیموكراتەكان بێنە سەر حوكم، ئەوا پێ دەچێت بە خێرایی ئێران و ئەمەریكا هەر لەسەر رێككەوتنەكە یان بە كەمێك دەستكاری بەردەوام بن.

ئێران لە ئەگەری دەرچوونی هەر كامێكیان ئامادەیە رادەست ببێت. ئەگەر ترەمپ دەرچێت ئەوا بەهای ئەو رادەستبوونە بۆ ئێران قورستر تەواو دەبێت، بەڵام لە ئەگەری دەرچوونی بایدن بەهاكە سووكترە.

لە ناوخۆی ئێران تەنانەت قسەیەك هەیە كە دەگوترێ شیعەی ئێران و بەرپرسانی ئەو رژێمە ئیسلامییە ئەوەندەی چاوەڕوانی هاتنی بایدن دەكەن، ئەوەندە لە چاوەڕوانی حەزرەتی مەهدی ئیمامیاندا نین كە پێیان وایە لە داهاتوودا دەردەكەوێت و لە هەموو كێشەیەك رزگاریان دەكات.



وشە - سلێمان تاشان