بۆ دەستپێكردنەوەی پێشانگە نێودەوڵەتییەكان لە هەولێر ئامادەكاری دەكرێت

:: PM:04:17:27/10/2020 ‌
ساڵی 2020 لە هەولێر تەنیا یەك پێشانگەی نێودەوڵەتی بەڕێوە چووە و لەو ماوەیەی كۆتایی ساڵیش هیچ پێشانگەیەك ناكرێتەوە، بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر باس لە ئامادەكارییان بۆ بەڕێوەبردنی پێشانگەی نێودەوڵەتی لە ساڵی داهاتوودا دەكات.

ئەمساڵ لە هەولێر تەنیا یەك پێشانگە بەڕێوە چووە و ئەویش لە مانگی شوباتدا بوو كە لەسەر بیناسازی كرایەوە، پلانێكی تۆكمە دانرابوو بۆ ئەوەی لە سەرجەم كەرتەكاندا پێشانگەی جیاواز بكرێنەوە، بەڵام سەرهەڵدانی كۆرۆنا و ئەو رێوشوێنانەی بەرانبەری لە كوردستان و وڵاتان گیرایە بەر سەرجەم پێشانگەكانی هەڵوەشاندەوە.

سۆران قادر بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ "وشە" ئاماژەی دا، خەریكی ئامادەكاری و پلاندانانن بۆ ئەوەی بتوانن لە ساڵی داهاتوودا پێشانگەكان دەست پێ بكەنەوە.

ئەو روونی كردەوە لەبەر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا نەیانتوانی ئەمساڵ ئەو پێشانگایانە بەڕێوە ببەن كە پلانیان بۆ دانابوو، هەموو مانگێك لە هەولێر پێشانگەیەك دەكرایەوە ئەگەر كۆرۆنا لە گۆڕێ نەبووایە.

بەگوتەی سۆران قادر خەریكی ئامادەكاری و پلاندانان بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو دەست بە پێشانگەكان بكەنەوە ئەگەر هیچ دۆخێكی نائاسایی نەیەتە كایەوە.

پێشانگەكان رۆڵی زۆر كاریگەرییان هەیە لە راكێشانی سەرنجی وڵاتان بە بەرهەمەكانی كوردستان
وەك زیاتر خستیەڕوو، پێشانگەكان رۆڵی زۆر كاریگەرییان هەیە لە راكێشانی سەرنجی وڵاتان بە بەرهەمەكانی كوردستان و كۆبوونەوەی كۆمپانیاكان وا دەكات بە كوردستان ئاشنا بن و لێرە لق بكەنەوە.

ئەو دەڵێت لە هەندێك پێشانگە 30 وڵات بەشدار بوون و وڵات هەبووە هەر كوردستانی نەناسیوە، بەڵام لێرە توانیویەتی لە نزیكەوە لەگەڵ كوردستان و خەڵكەكەی ئاشنا بێت و پێوەندییەكانی لەگەڵیدا بەهێز بكات.


وشە - سلێمان تاشان