ئەمەریکا وەزارەتی نەوتی ئێرانی کردە ئامانج

:: PM:04:43:27/10/2020 ‌
واشنتن جگە لە وەزیری نەوت و وەزارەتەکەی، ژمارەیەک کۆمپانیا و کەسایەتی ئێرانی پێوەست بەو وەزارەتخانەیەی خستە ناو لیستی رەشەوە و هاوکات سزادانی چەندان کۆمپانیاشی راگەیاند کە پێوەندی بازرگانیان لەگەڵ وەزارەتی نەوت هەبووە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هەریەک لە بیژەن زەنگەنە، عەلیئەکبەر پوورئیبڕاهیم و ڤیان زەنگەنە و نەسڕوڵا سەردەشتی و عەلیڕەزا سدیقئابادی و مەسعوود کەرباسیان و بەهزاد محەمەدی و مەحموود مەدەنیپووری خستە ناو لیستی رەشەوە.

مەحموود مەدەنیپوور بازرگانێکی ئێرانییەوە لە بەریتانیا نیشتەجێیە، بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، ئەو بازرگانە پلانی بەقاچاخبردنی دەیان هەزار تەن بەنزینی ئێرانی بۆ ڤەنزوێلا داڕشتووە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتە بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا رای گەیاندووە، نووسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییەکانی ئەو وەزارەتە چەندان دامەزراوە و کەسایەتی کە پێوەندییان بە فرۆشتنی بەنزینی وەزارەتی نەوتی ئێران بە ڤێنزوێلاوە هەیە، خستووەتە ناو لیستی رەشەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بەپێی فرمانی 13224 کە رێگە دەدات دەوڵەتی ئەمەریکا ئەو کەس و ناوەندانەی لە دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆریزم دەوریان هەیە، سزا بدات، کۆمەڵێک دامەزراوە و کەسایەتی ئێرانی خستووەتە ناو لیستی رەشەوە.

ئەمەریکا جگە لەو دامەزراوە و کەسایەتییانە، وەزارەتی نەوتی ئێران و کۆمپانیای نیشتیمانی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێرانیشی خستووەتە ناو ئەو لیستەوە و کۆمەڵێک کۆمپانیای نوێی ئێرانیشی پێوە زیاد کردووە.

* پاڵپشتی لە تیرۆر
ستیڤن مانۆچین، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لەبارەی ئەو سزا نوێیانە رای گەیاندووە، رژێمی ئێران لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بودجە بۆ ئەو جووڵە سەربازییانەی سوپای پاسداران دابین دەکات کە بوون بەهۆی تێکدانی تەناهی ناوچەکە.

وەک روونی دەکاتەوە، لەلای کۆماری ئیسلامی، پشتیوانی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و برەودان بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی، بایەخی زیاترە لە گرنگیدان بە ژیان و پێداویستییەکانی خەڵکی ئێران.

دوو هەفتە لەمەوبەر وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ناوی 18 بانکی ئێرانی خستە لیستی ئەو بانکانەوە کە لەلایەن نووسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە گەمارۆیان خراوەتە سەر.

ئەو هەوڵە زەبرێکی قورس بوو بۆ ئێران و پێوەندی دارایی ئێرانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان پساند، لەبەر ئەوەی لەناویاندا بانکی ناوەندی ئێرانیش خراوەتە ناو لیستەکەوە.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مەبەستی حکوومەتی بۆ ئەو کارە دابڕاندن و تەریککردنەوەی ئێران لە جیهان وەسف کرد، بۆ ئەوەی ئێران دەستی نەگاتە هیچ سەرچاوەیەکی دارایی جیهانی بۆ سووڕانەوە و سپیکردنەوەی پارە، پۆمپیۆ نەیشاردەوە، ئەو هەوڵە بۆ بنەبڕکردنی سەرچاوەی دارایی گروپە تیرۆریستییەکانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێرانی بە گەورەترین پاڵپشتی ئەو گروپانە ناو برد.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نیازی واشنتنی لەو پاڵەپەستۆ و گەمارۆ ئابوورییانەی خستوویەتە سەر تاران روون کردەوە و گوتی، تا ئەو کاتەی ئێران مل بۆ رێککەوتنێکی راستەقینە لەبارەی گۆڕینی رەفتارەکانی و دەستبەرداربوون لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا نەدات، ئەو گەمارۆیانە زیاتر و قورستر دەبن.

بەڵام لەناو شرۆڤەکارانی سیاسیی دەرەوە و ناوخۆی ئێران دەنگۆی ئەوە دروست بووە، لە ئەگەری سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سێی تشرینی دووەم، بەشێکی زۆر لە گەمارۆکانی سەر ئێران لادەبرێن و ئەمەریکا دەگەڕێتەوە ناو رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک، هەر بۆیە کۆماریخوازەکان لە ئێستەوە رێوشوێنی پێویستیان بۆ رێگری لەو بابەتە دەست پێ کردووە.

یەکەم هەوڵی ترەمپ بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لە پێوەندی لەگەڵ هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران دەستنیشانکردنی کۆمەڵێک رێوشێنی نوێ بۆ دانانی سزای زیاتر لەسەر ئێران بوو، بەڵام ئەوە رێگرییەکی ئەوتۆ لە سەرۆکی داهاتوو ناکات و هاوشێوەی ترەمپ سەرۆک دەتوانێ بە فرمانێک ئەو رێوشوێنانە هەڵوەشێنێتەوە.

دواجار کۆماریخوازەکان پاڵەپەستۆ خستنە سەر ئێران و گەمارۆ سەربازی و ئابوورییەکانیان گواستەوە سەر یاسای "دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسی" ئەمەریکا، چونکە لەو رێیەوە لابردنی گەمارۆکان تەنانەت بۆ بایدنیش ئەگەر براوەی هەڵبژاردن بێت، کارێکی یەکجار ئەستەم و کاتبەر دەبێت و رۆتیناتی یاسایی زۆری دەوێت.

ترسی کۆماریخوازەکان لە نەرمی نواندنی بایدن بەرانبەر ئێران بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بووە و بە راوێژی ئەو ئۆباما چووە ناو رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک.


وشە - هیدایه‌ت جان