ماوه‌ی زیاتر له مانگێكه، لە بازگه‌یه‌كی حكوومه‌تی عێراقی ڕێ به شۆفێر و كاسبكارانی شارۆكه‌ی كفری نادرێت باره‌كانیان بگوازنه‌وه بۆ ناوچه‌كانی ناوەڕاست و باشووری عێراق،بۆیە ئەمڕۆ هاووڵاتیانی شارۆکەکە خۆپیشاندانیان کرد.
ئەمڕۆ چوارشەم 28ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر، نووره‌دین عه‌بدول وه‌ك یه‌كێك له نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌رانی كفری به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ماوه‌ی مانگێگه بازگه‌ی حكوومه‌تی ناوه‌ند به بیانووی گومرك نه‌كردنی باربه‌رانی كفری، رێ به كاسبكار و شۆفێرانی شارۆکەی كفری نادات كه كار بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندان جار كاسبكاران ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیووه.
چه‌ندان جار كاسبكاران داوایان له به‌رپرسانی كفری و بازگه‌كه كردووه كه ده‌ست له‌و ڕێگرییه هه‌ڵگرن و بێ ئاكام بووه
ڕوونی کردەوە، چه‌ندان جار كاسبكاران داوایان له به‌رپرسانی كفری و بازگه‌كه كردووه كه ده‌ست له‌و ڕێگرییه هه‌ڵگرن و بێ ئاكام بووه، بۆیە ئه‌مڕۆ ده‌ست به هه‌ڵدانی خێوه‌ت کرا و رێگه‌كه به‌یه‌كجاری داخرا تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌و بازگه‌یه رێگه به كار و كه‌سابه‌تی پیشه‌وه‌ران ده‌دات.
زیاد عه‌لی وه‌ك شۆفێرێك بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد، بازگه‌كه ده‌یه‌وێ باج و سه‌رانه له شۆفێران و كاسبكاران وه‌ربگرن.
عه‌قید رێبوار قه‌ره‌بڵاخی به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی كفری به نوێنه‌رایه‌تیی لایه‌نی ته‌ناهیی ناوچه‌كه، بۆ"وشه"ی ئاشكرا كرد، گه‌یشتوونه‌ته لای خۆپیشانده‌ران و له هه‌وڵدان لایه‌نی عێراقی رازی بكه‌ن رێ به بردنی باری شۆفێران و كاسبكاران بدات و بیانوویان پێ نه‌گرێت.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی