زیادكردنی ئاشكرا.. ئەو تیۆرییەی دوو ئابووریناسی بە خەڵاتی نۆبڵی ئابووری گەیاند

:: PM:02:16:28/10/2020 ‌
خەڵاتی نۆبڵی ئابووری ساڵانە بەو كەسانە دەدرێت بۆ بەرزكردنەوەی ژیان و توانای دارایی خەڵك و حكوومەت و ئاستی خۆشگوزەرانی تێ دەكۆشن و رێچارە و پلانی نوێیان لە بەردەستدایە. ئەمساڵ ئەم خەڵاتە گرنگە بە دوو ئابووریناسی بەساڵاچوو درا. پال میلگرام و رابێرت ڤیلسۆن كە هەردووكیان مامۆستای زانكۆی ستانفۆردن و توانییان تیۆری زیادكردنی ئاشكرا پەرە پێ بدەن.

پاراستنی سامانی نیشتمانیی

زۆربەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان و فرۆشتن و بازاڕكردن لە دوكان  و ماركێتە ئاساییەكان  و شێوەی ئەلیكترۆنی روو دەدەن، بەڵام لەگەڵ ئەمە جۆرێكی تری فرۆشتنیش هەیە كە بە زیادكردنی ئاشكرا ناسراوە. چۆنیەتی رێكخستنی زیادكردنی ئاشكرا و كارگێڕیی ئەم جۆرە بازاڕە دەتوانێ كاریگەریی باشی لەسەر ئابووری و تەنانەت پاراستنی سامانی نیشتمانیی هەبێت.

بۆ نموونە لە وڵاتێك بە هۆی بەربڵاوبوونی شەپۆلەكانی FM و گەشەی میدیاكان، حكوومەت ناچارە بەشێكی زۆر لە شەپۆلەكانی FM و هێڵەكانی ئێتەرنێت و تۆڕەكانی پێوەندی بە كەرتی تایبەت بدات. ئەم جۆرە سپاردنەی موڵكێكی گشتی بە كەرتی تایبەت لە بازاڕ نافرۆشرێت، بەڵكو لە زیادكردنێكی فەرمیدا یان بە واتایەكی تایبەتیی هەرێمی كورستان بە تەندەر دەكرێت.
ئەوانەی ئەو جۆرە تەندەرانە بەڕێوە دەبەن ئەگەر شارەزا و ورد نەبن، لەوانەیە ببنە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لە سامانی نیشتمانیی بەفیڕۆ بچێت

ئەوانەی ئەو جۆرە تەندەرانە بەڕێوە دەبەن ئەگەر شارەزا و ورد نەبن، لەوانەیە ببنە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لە سامانی نیشتمانیی بەفیڕۆ بچێت و لەوانەیە كۆمپانایەك لە سەرووی ئەو شتەی داوای كردووە، ماف و ئیمتیاز و پڕۆژەی پێ بدرێت و دواتر هەمان كۆمپانیا ئەوەی وەری گرتووە بە دەستی سێیەمی بفرۆشێت و لەو بەینەدا قازانجێكی زۆر بەو كۆمپانیایە دەگات، كە راستییەكەی هیچ خزمەتێكی بە كۆمەڵگا نەكردووە و تەنیا بە بەشداریكردنێك قازانجێكی زۆری بەدەست هێناوە و ئەمەش دەكەوێتە خانەی بەرتیل و گەندەڵییەوە.

گرنگیی یاساكان

لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت ئەو یاسایانەی بۆ ئەو مەبەستە لە وڵاتان دانراون هەرچەندە بەهێزتر و وردتر بن، زیاتر دەتوانن سامانی گشتی بپارێزن.

ئاساییترین جۆری زیادكردنێكی ئاشكرا دەكرێ فرۆشتنی خانوویەك بێت . لێرەدا فرۆشیار نرخێك پێشنیار دەكات و بەرزبوونەوەی ئەم نرخە لە لایەن كڕیاران بە دەستخستنی زانیاریی راست گرێ دراوە. بۆ نموونە ئایا كارەبا و ئاوەڕۆ و سیستمی راكێشانی ئاوی خانووەكە كێشەی نییە؟ ئایا ئەگەری هەیە بەمنزیكانە شەقامێكی سەرەكی یان ئۆتۆبانێك بە نزیك ئەم ماڵەدا تێپەڕێت؟ ئایا خانووەكە لە موەلیدە زۆر نزیكە و دەنگ و هاژەی موەلیدە نابێتە هۆی بڕینی ئارامی لەم خانووە؟ ئایا ئەم خانووە لە بازاڕە سەرەكییەكان و خزمەتگوزارییەكان نزیكە؟  ئەم زانیارییانە و كۆمەڵێك زانیاری تر لەسەر خانووەكە و تایبەتمەندییەكانی خانووەكە لای كڕیار رۆڵ دەبینێت لەوەی چەندە پارەی پێ بدات. هەمووی ئەو زانیارییانە ئێستە لە زانكۆ وەك زانستی ئابووری  دەخوێنرێن.

زانیاری

 بۆ نموونە لەوانەیە ئەو خانووەی دەفرۆشرێت لە شوێنێكی زۆر گرنگ هەڵكەوتبێت و لە داهاتوودا لە نزیك خانووەكە پڕۆژەیەك بنیات بنرێت كە كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی بەهای خانووەكە دەبێت، جار وا هەیە فرۆشیار خۆی لەم تایبەتمەندییە ئاگادار نییە، بەڵام كڕیار ئاگادارە و لەو كاتەدا كە بە زیادكردنی ئاشكرا دەخرێتە ڕوو، خانووەكە بە نرخی راستەقینەی ناگات و بە هەرزان لە دەستی فرۆشیار دەردەهێنرێت.

هەندێك جار بەرپرسان و بڕیاربەدەستان لەم جۆرە گەندەڵییەدا رۆڵ دەبینن، بۆ نموونە لە داڕشتنی ماستەرپلانی شارەكان بە وردی ئاگادارن چ زەوییەك لە داهاتوودا بەهای بە خێرایی بەرز دەبێتەوە و بەر لەوەی كە ئەم زانیارییانە بڵاو ببنەوە، خۆیان بەشدار دەبن لە كڕینی زەوییەكان. یان ئەگەر كەسێك ویستی زەوی یان شوێنە بازرگانییەكەی بفرۆشێت، بە حوكمی ئەوەی زانیارییەكان دادپەروەرانە بڵاو نەبوونەتەوە، ئەوە زانیاری زیاتری لایە قازانجێكی زۆر دەكات.

زیادكردنی ئاشكرا جار هەیە زیانی بۆ كڕیاریش هەیە.
زیادكردنی ئاشكرا جار هەیە زیانی بۆ كڕیاریش هەیە. بۆ نموونە خانوویەك لە نزیك قوتابخانەیەكی تایبەتی و پێشكەوتوو هەڵكەوتووە و هەموو ئەوانەی لە پرۆسەی كڕینەكەدا بەشداری دەكەن، لە قوتابخانەكە منداڵیان دەخوێنێت و حەز دەكەن لە قوتابخانە نزیك بن. دواجار ركابەرییەكە ئەوەندە زۆر دەبێت خانووەكە بە نرخێكی زۆر بەرز دەفرۆشرێت كە نرخی راستەقینەی خانووەكە نییە. راستە دواجار یەكێك خانووەكەی كڕیوە و لە زیادكردنەكەدا سەركەوتووە، بەڵام هەر ئەو كەسە زیانیشی كردووە، چونكە لە سەرووی نرخی راستەقینە پارەی بە خانووەكە داوە. ئەمە لە ئابووریدا بە "زیانی براوە" ناوی دێت.

هەرێمی كوردستان بە نموونە

لە هەرێمی كوردستان زیادكردنی ئاشكرا لە كەرتی تایبەتی و بازاڕەكاندا باو نییە و بە دەگمەن ئەو زیادكردنانە روو دەدەن، بەڵام لە چوارچێوەی پێدانی پڕۆژەكان لە لایەن حكوومەت بە شێوەیەك سوود لەو شێوازە وەردەگیرێت. بە تایبەتی بەر لە ساڵی 2014 كە پڕۆژەكان زۆر بوون و بودجە بەرچاو بوو، تەندەریش زۆر بوون و زۆر جار پڕۆژە هەبووە بە دەستی سێیەم و چوارەم فرۆشراونەتەوە و هەندێك كۆمپانیا و بەڵێندەر خێریان كردووە كە هیچ رۆڵێكیان لە خزمەتكردنی كۆمەڵگە و  پەرەپێدانی ئابووری نەبووە.

رزگار جەمال سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان  لەسەر پرۆسەی تەندەر لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەرچەندە كەمبوونەوەی بودجە و تەنگژەی دارایی كاریگەریی لەسەر ئەو پرۆسەیە داناوە و ژمارەی ئەو پڕۆژەی تەندەریان بۆ دەكرێت زۆر كەمە، بەڵام لە كوردستانیش هەندێك جار كێشە هەبووە و خۆیان وەك یەكێتی بەڵێندەران هەموو هەوڵێكیان داوە رێگری لەوە بكەن كەسانێك تەنیا بۆ سوودوەرگرتنی كاتیی بەشداری بكەن.
لە كوردستان لە لایەن پارێزگاكانەوە تەندەر و پڕۆژەكان رادەگەیەنرێن

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی بەڵێندەران، لە كوردستان لە لایەن پارێزگاكانەوە تەندەر و پڕۆژەكان رادەگەیەنرێن و پاشان یەكێتی بەڵێندەرانیش لە سایتی خۆی بڵاوی دەكاتەوە، هەر كەسێك ئاگاداری تەندەرەكە بوو بە پێی هەندێك رێنوێنی دەتوانێت بەشداری بكات. ئەو روونی كردەوە پێنج ساڵە بە هاوكاری بانكی نێودەوڵەتی و وەزارەتی پلاندانان و لایەنە پێوەندیدارەكان گۆڕانكارییان لە رێنوێنییەكاندا كردووە، بەڵام هێشتا زۆر لە وەزارەتەكان كاریان پێ نەكردووە.

گرنگیی تیۆرییەكە

بە گوتەی بەهرووز شاكری فەرد كە خۆی بڕوانامەی ماستەری لە ئابووری نێودەوڵەتی زانكۆی رایرسۆنی تۆرێنتۆ هەیە و لە رادیۆ فەردا شیكاری بۆ تیۆرییەكە كردووە، دوو براوەكەی خەڵاتی نۆبڵی ئابووری رێك كاریان لەسەر ئەم جۆرە بازاڕە كردووە و بە خستنەڕووی تیۆری نوێ، توانیویانە پەرە بە جۆرێك زیادكردنی ئاشكرا بدەن كە پێشتر نەبووە. ئەم جۆرە زیادكردنە بە "زیادكردنی فرەگەڕی هاوكات" ناسراوە.

كۆمیتەی نۆبڵ كە ئەم خەڵاتەی داوە پێی وایە، هەوڵەكانی ڤیلسۆن و میلگرام وای كرد گۆڕانكاری بەسەر رەفتاری كڕیاران و فرۆشیاران لەم جۆرە بازاڕكردنە بێت. تیۆری هەردوو ئابووریناس رێی بۆ ئابووریناسانی تر خۆش كرد، چەندان جۆری تری زیادكردنی ئاشكرا دابڕێژن و بەشێكی زۆر لەو زیادكردنانەش لە فرۆشتنی گازی سروشتی و بەرهەمی تر لە كەنەدا، نەرویج، ئەڵمانیا و سوید و بەریتانیا سوودیان لێ وەرگیراوە.
توانی 120 ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوە

كۆمسیۆنی فیدراڵی پێوەندییەكانی ئەمەریكا دوای ئەوەی لە شێوەیەكی تایبەتی زیادكردنی ئاشكرا وەرگرت كە لە لایەن ئەم دوو ئابووریناسەدا داڕێژرابوو، توانی 120 ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوە، بڕە پارەیەكی یەكجار زۆر لەوانە بوو بچێتە گیرفانی كۆمپانیاكان یان كەسانی جیاواز لەو بازاڕەوە.



وشە - سلێمان تاشان