شنگال.. تۆماركردنی ناوی خۆبەخشان لە ریزەكانی پۆلیس دەستی پێ كرد

:: PM:04:18:28/10/2020 ‌

دوای ئەوەی لە 9ی ئەم مانگە هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەغدا رێككەوتنێكیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارۆكەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵكەكەی و ئاوەدانكردنەوەی واژوو كرد، یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكە دامەزراندنی 2500 هاووڵاتی ئێزدی بوو وەك پۆلیس بۆ پاراستنی ئاسایشی شنگال، قایمقامی شنگال دەستكردن بە تۆماركردنی ناوەكان رادەگەیەنێت.
شوێنی هێزە ناشەرعییەكان لەناو شنگال دەگرنەوە
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال گوتی، پرۆسەی تۆماركردنی ناوی خۆبەخشان لەسەر میلاكی پۆلیسی فیدراڵ بۆ سەپاندنی ئاسایش لە شنگال بە وەرگرتنی مامەڵەی ئەوانەی خوازیارن، دەستی پێ كردووە، ئەوەیش لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێم بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال.

زیاتر گوتی، پرۆسەی تۆماركردنی ناوەكان لە تەلاری قایمقامیەت بەڕێوە دەچێت، تا ئێستە زیاتر لە نۆ هەزار خۆبەخش هاتوون بۆ تۆماركردنی ناوەكانیان بۆ دامەزراندنیان وەك پۆلیس و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارەتی پاراستنی ئاسایش لەناو شنگال لەبری هێزە ناشەرعییەكان لەناو شارەكە، روونی كردەوە، دامەزراندنەكە هەردوو رەگەز و ئاوارەكان و ئەوانەیشی ناو شنگال دەگرێتەوە.

شایەنی باسە گرنگترین خاڵەكانی ناو رێككەوتنەكە، ئاساییكردنەوە و ئاوەدانكردنەوە و دامەزراندنی ئیدارەیەكی نوێ بۆ شارۆكەكە و دامەزراندنی 2500 لە خەڵكی شنگال لەوانەی ناو شارۆكەكە و ئەوانەیشی لە كەمپەكانن وەك پۆلیس و وەدەرنانی میلیشیا و هێزەكانی سەر بە پەكەكە لە شنگال، كە هۆكاری سەرەكی نەگەڕانەوە و ئاوەدان نەكردنەوەی شارۆكەكەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل