دوای ساڵانێك لە چاوەڕوانی بۆ رووناككردنەوەی گوندەكانیان، كاروانی ئاوەدانكردنەوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە ناوچەكانیان، ژمارەیەك گوندی سنووری شارەدێی ئاوەسپی سەر بە شارۆكەی كفری لە سنووی ئیدارەی گەرمیان، رووناك كرانەوە.
گوندنشینەكان ئەو هەنگاوەی كابینەی نۆیەم بە پیرۆز دەزانن
بێستوون عەبدوڵا، راوێژكاری وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كودستان، بە "وشە"ی راگەیاند، لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بڕی 154778000، سەد و پەنجا و چوار ملیون و حەوت سەد و حەفتا و هەشت هەزار دینار بە مەبەستی جیاكردنەوەی كارەبای شارەدێی ئاوەسپی و 16 گوندی ئەو شارەدێیە تەرخان كرا.
زیاتر گوتی، ئەو گوندانە كارەبایان نەبوو و بەمدوایە هەوڵ درا لە رێگەی شارەدێی رزگارییەوە كارەبایان بۆ رابكێشرێ، چونكە كارەباكەیان سوودی ئەوتۆی نەبوو و زۆر لاواز بوو.
لای خۆیەوە ئالان ئەركان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای گەرمیان، بە"وشە"ی راگەیاند، ئەو گوندانەی سنووری ئاوەسپی، لە ساڵانی رابردوودا لە پلانی حكوومەتدا هەبوو گرفتی كارەبایان بۆ چارەسەر بكرێت، بەڵام تەنگژەی دارایی رێگر بوو لەبەردەم ئەو هەنگاوە.
رەحیم عەلی، وەك گوندنشینێكی سنووری شارەدێی ئاوەسپی، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، گوندەكانی سنووری ئاوەسپی بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتبوون، سەرباری ئاوەدانكردنەوەیان لە بەهاری 1991 لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەڵام ساڵانێگە ئاوڕی رژدیان لێ نەدراوەتەوە، بۆیە ئەم هەنگاوەی كابینەی نۆ بە هەنگاوێكی پیرۆز دەزانین.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی