عێراق.. لە ناو خەونەكانی كازمیدا میلیشیاكان كار بۆ گرتنە دەسەڵات دەكەن

:: PM:05:12:28/10/2020 ‌

دوای ئەوەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بە گوشاری خۆپێشاندەران دەستی لەكار كێشایەوە، ئەو پۆستە بۆ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی ئێستە تەنیا خەونێك بوو، چونكە دیار نەبوو كێ تەیرەكەی لەسەر دەنیشێ و دەبێ بە سەرۆك وەزیرانی نوێ، بۆیە دوای وەرگرتنی پۆستەكە، دەیان بەڵێنی دا كە هێشتا زۆرینەیان وەك خەونێك ماونەتەوە، لەو ناوەدا میلیشیا شیعەكان لەسەر زەوی لە پاكتاو و گۆڕینی دیمۆگرافی فرەوانكردنی دەسەڵاتیان بەردەوامن، بەتایبەتی لە ناوچە سوننەنشینەكان.
بێ پاڵپشتی ئەمەریكا حكوومەتی عێراق توانای رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكانی نییە
لەوكاتەی كازمی گرەو لەسەر فاكتەری كات و روودانی گۆڕانكارییەكی گەروە دەكات بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی خەونەكەی بە گەڕاندنەوەی شكۆی دەوڵەت و یەكخستنی هێز و چەك لەژێر فەرمانڕەوایی خۆی، میلیشیا شیعەكان بەردەوامن لە ئەنجامدانی گۆڕانكاری دیمۆگرافی لەسەر زەوی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ئێران، ئەوكارەی مەترسی گەورەبوونی قەبارە و باڵادەستی ئەوانی دروست كردووە بەشێوەیەك بە تەواوەتی كۆنترۆڵی كایەكانی دەوڵەت بكەن. 

لە ماوەی نزیكی رابردوو میلیشیاكان دوو هێرشیان لە پارێزگای سەڵاحەدینی سوننەنشین ئەنجام دا، ئەوەیش لە چوارچێوەی ئەنجامدانی گۆڕانكاری دیمۆگرافی لەسەر حسێبی سوننە لەو پارێزگایە، ئێوارەی دووشەمی رابردوو هێزێكی چەكداری میلیشیاكان هەڵیان كوتایە سەر گوندی مەزارع سەر بە شارەدێی یەسرب لە پارێزگای سەڵاحەدین و لە ماڵێكدا دوو برایان كوشت، دوو پیاو و دوو ژنیشیان بریندار كرد و پاشەكشەیان كرد، دوای چەند سەعاتێك گرووپێكی تری چەكدار هێرشیان كردە سەر هەمان گوند و ژمارەیەك خەڵكیان بریندار كرد.

بەپێی سەرچاوەكان، خەڵكی ناوچەكە ئەندامانی هێزەكە دەناسن و دەزانن كە مەبەستیان هەڕەشەكردنە لە خەڵكی ناوچەكە بۆ ئەوەی شوێنەكە چۆڵ بكەن، ئەو دووكەسەی كوژران، سەركردایەتی هەڵمەتێكیان كردووە بۆ رەتكردنەوەی چۆڵكردنی ناوچەكە كە نزیكە لە ناوچەیەكی شیعەنشین، جیا لە بەپیتی خاكەكەی بۆ كشتوكاڵ و نزیكیشیە لە بیرەكانی نەوت، كە بەپێی زانیارییەكان ئەوان لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق نین.   

بەر لە كەمتر لە دوو هەفتە هێرشێكی هاوشێوە بۆ سەر ناوچەی فەرحاتییە سەر بە شارۆكەی بەلەد لە سنووری پارێزگەی سەڵاحەدین رووی دا، كاتێك میلیشیاكان 12 كەسی سوننەیان رفاند و هەشتیان گولەباران كرد و چواریان دواتر كوژران، ئەوكات خەڵكی گوندەكە پەنجەی تۆمەتباریان بۆ میلیشیای عەسائیب ئەهلولحەق بەسەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی درێژ كرد، كە ئەوان بەناوی حەشدی شەعبی لەوێ باڵادەستن، خەڵكی گوندەكە ئاماژەیان كرد كە هەموو ئەندامانی ئەو هێزانە دەناسن كە هێرشیان كردووەتە سەر گوندەكەیان و گوندی مەزارع و ئەوان سەر بە میلیشیای عەسائیبن. 

ئەوكاتەی هێرشەكەی فەرحاتییە رووی دا، دانیشتوانی گوندەكە بە ئاشكرا رایان گەیاند كە دەزانن كێ ئەنجامی داوە و پەنجەیان بۆ عەسائیب درێژ كرد، دوای ئەوە میلیشیاكان راوەدووی ئەو كەسانەیان نا هەندێكیان لە ناوچەكە دەركردن، ئەوەیش وای كرد خەڵكی مەزارع نەتوانن بە ئاشكرا پەنجە بۆ میلیشیاكان درێژ بكەن، لە ترسی ئەوەی هەمان رەفتاریان بەرانبەر بكەن.

هەموو ئەوانە لەبەرچاوی حكوومەت و كازمی روو دەدات، بەڵام ئەو ترسی لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەوان هەیە و خۆی لێیان لادەدات و گرەو لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو دەكات، بەوەی چەتری سیاسیان لە پەرلەمان لاواز بێ و ئەوكات بتوانێ كاریان لەسەر بكات، بۆیەیش دوای هێرشەكە كازمی و محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان، بەڵێنی پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە و گرتنی ئەنجامدەرانیان دا، كە هیچیان نەگیران، بابەتەكەیش بەوشێوەیە داخرا. 

چاودێران پێیان وایە كە ساردی هێزە تەناهییەكانی عێراق لە ئاشكراكردنی تاوانكاران لەو جۆرە تاوانانە كە ئەنجامدەران ناسراون، دووپاتی دەكاتەوە كە حكوومەت بێدەسەڵاتە و ناتوانێ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بكات، وەك میلیشیای خەزعەلی كە تاوانەكانی لە سەڵاحەدین دووبارە دەبێتەوە، كە سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن ئەو میلیشیایە بە هاوئاهەنگی میلیشیای تر نزیك بووەتەوە لە سەپاندنی دەسەڵاتەكانی بەسەر ناوچەیەك لە سەڵاحەدین كە رۆژانە 30 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت، كاتێك ئەوان سەرپەرشتی پرۆسەی بەرهەمهێنان و بەقاچاخبردنی نەوتەكە دەكەن لەوانە بۆ توركیا و ئێران، بۆیە بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەكە ئەوان سوننە لەو ناوچەیە دوور دەخەنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لەگەڵ هێزە تەناهییەكان كار دەكەن.

چاودێران ئاماژە دەكەن كە حكوومەتی عێراق توانای لێپرسینەوەی لەو میلیشیایانە نییە و ئەگەر ئەمەریكا نەیەتە سەر خەت و بە هاوشێوەی كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، گورزێكیان لێ نەوەشێنێت، سەرانی میلیشیاكان لە فرەوانكردنی دەسەڵاتیان بەردەوام دەبن تا گەیشتن بە فەرمانڕەوایەتی رەهای دەوڵەت، تەنانەت سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەریان كاریگەری نەبووە، بۆیە ئەگەر گۆڕانكارییەكی گەورە روونەدات، ئەوان حوكمی عێراق دەگرنە دەست.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل