ناكۆكی ماكرۆن و ئەردۆغان لەسەر چییە و بەكوێ دەگەن؟

:: PM:07:21:28/10/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا و دوور لە كاریكاتێرەكانی رۆژنامەی شارل ئەبیدۆ، لەبارەی پەیامبەری ئیسلامەوە كە هەڵایەكی گەورەی نایەوە و چووە ناو یاسای كار و كاردانەوە و سوودلێوەرگرتنی چەند لایەنێك، بەتایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هێشتا باسێكی گەرمە و رەنگە دەرهاوێشتەی گەورەتری هەبێت، بەڵام ناكۆكییەكانی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فڕەنسا و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، باسێكی ترە.
ئەردۆغان هەوڵی دابڕینی فڕەنسا و دابەشكردنی ئەوروپاییەكان دەدات
ناكۆكییەكانی نێوان ماكرۆن و ئەردۆغان گەیشتووەتە ئاستی شەرمەزاركردنی یەكتر، چیڕۆكی ئەو ناكۆكییانە هی ئێستە نییە، ئەوكاتەی ماكرۆن لە 2017 گەیشتە دەسەڵات، پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی فڕەنسا و توركیا سەقامگیر نەبوو، ئەوەیش بەهۆی هاوكاتی لەگەڵ كودەتا شكستخواردووەكەی ئەنكەرە و كاردانەوەی زۆرینەی پایەتەختەكانی ئەوروپا بەرانبەر بە هەڵمەتەكانی گرتن بۆ ئەوانەی ئەردۆغان تۆمەتباری دەكردن و تۆمەتباركردنی چەند وڵاتێكی ئەوروپا لەوانەیش فڕەنسا، بە دووڕوویی سیاسی، بەڵام بەگشتی ئەوكات پێوەندییەكانیان بە هاوشێوەی ئێستە ئاڵۆز نەبوو.

دوای ئەوە لە 2018 ئەردۆغان سەردانی پاریسی كرد و پێوەندییەكانیان بەخێرایی بەرەو باشی چوو، ئەوكات ماكرۆن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئەردۆغان رای گەیاند كە داوا لە یەكێتی ئەوروپا دەكات رێككەوتنێكی تەواوی هاوبەش لەگەڵ توركیا ساز بكات لەبری بوونی بە ئەندامێكی تەواو لە یەكێتی ئەوروپا، بەڵام پێوەندی كەسیی هەردوو سەرۆك ئاراستەیەكی دوژمنكارانەی وەرگرت كاتێك ماكرۆن رای گەیاند كە هاوپەیمانی ناتۆ گەیشتووەتە ئاستی "مردنی مێشك"، لەوساتەوە دۆخەكە رووی لە ئاڵۆزی و پەرەسەندن كرد بەهۆی جیاوازی و دژبەیەكیی هەڵوێستی ئەو دوو ئەندامەی ناتۆ لەبارەی چەند دۆسیەكی ئاڵۆزی وەك لیبیا و سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوایینیشیان بڵاوكردنەوەی كاریكاتێرەكە كە بووە هۆی توڕەبوونی موسڵمان لە دنیا.  

رەنگە ئێستە پرسیارەكە ئەوەبێ دۆخەكە بەكوێ دەگات؟، بەتایبەتی كە فڕەنسا باڵوێزی خۆی لە ئەنقەرە بانگهێشت كرد بەهۆی لێدوانەكانی دوایی ئەردۆغان دژ بە ماكرۆن، دیدیی بیون، شارەزا لە كاروباری توركیا و جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ستراتیجی دەڵێت، پێ دەچێ ئێستە دیدی ئایدۆلۆجیای دژبەیەك باڵادەست بێ، ئەوەیش بەرەو رێگەیەكی داخراومان دەبات.

ئەوكاتەی ماكرۆن بووە سەرۆك، پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەردۆغان باش نەبوو، لەوساتەوەیش چەندان بابەتی ناكۆكی هاتووەتە ئاراوە، بۆیە دەكرێ ئەوەی روودەدات بە گفتوگۆی كەڕەكان ناو بنرێ و لەوەیش ترسناكتر ئەوان تێگەیشتنی یەكتر رەت دەكەنەوە، لە سووریا لە چوونی هێزەكانی توركیا بۆ ناوچەی كوردەكان، فڕەنسای توڕە كرد كە پاریس بە هاوپەیمانی خۆیان دادەنێت، لە لیبیا، توركیا پاڵپشتی لە حكوومەتی ویفاق لە تەرابلس كرد، لەوكاتەی فڕەنسا پاڵپشتی لە هێزەكانی جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەری نەیاری دەكات، كاتێك حەفتەر دۆڕاندی، پاریس سەركۆنەی دەستوەردانی بیانی كرد و رەتی كردەوە توركیا شوێنپێیەكی لە لیبیا دەست بكەوێت، بەوەیش كۆنترۆڵی دووەم خاڵی پەڕینەوەی كۆچبەرانی بەرەو ئەوروپا دەكات.

لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستیش، توركیا سوود لە رێككەوتنی دیاریكردنی سنوور لەگەڵ حكوومەتی لیبیا دەبینێ بۆ داواكردنی سەروەریی لەسەر ناوچەیەكی دەوڵەمەند بە گاز، ئەوەیش یۆنان و قوبرسی توڕە كردووە، لە قەوقازیش، توركیا پاڵپشتی لە ئازەربایجان دەكات لە كێشەی لەگەڵ ئەرمینیا لەسەر هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباغ.   

جیا لەوانەی سەرەوە هەردوو وڵات هاوپەیمانی ناتۆیان كردووەتە گۆڕەپانێكی تری ململانێكانیان، كاتێك ماكرۆن هاوپەیمانیەتییەكەی بە مردوو وەسف كرد و ئەردۆغانیش وەڵامی دایەوە بەوەی ئەو پێویستی بەوەیە پشكنین بۆ مردنی خۆی بكات، ئەم هاوینە ئاڵۆزییەكانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتە ئەوپەڕی و لێواری تەقینەوە، ئەوكاتەی پاریس سكاڵای لە هەڵسوكەوتێكی زۆر دوژمنكارانەی توركیا كرد لە دژی كەشتییەكی سەربازی فڕەنسا كە لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنێكی هاوپەیمانی ناتۆ لە دەریای ناوەڕاست لە ئەركدا بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەك گومانی گواستنەوەی چەكی بۆ لیبیا لێ دەكرا، بەڵام كێشەكە لەناو ناتۆ چارەسەر كرا. 

بیار رازو، بەڕێوەبەری ئەكادیمی دەزگای دەریای سپی ناوەڕاست بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی دەڵێت، ستراتیجیەتی ئەردۆغان بریتییە لە پاڵنانی فڕەنسا بۆ ئەنجامدانی هەڵەیەك لە رێگەی زیادكردنی دەمارگرتنی راستەوخۆ و زارەكی، ئەوەیش بە مەبەستی نانەوەی هەڵا و چاولابردن لەسەر تەنگژە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی توركیا، ئەردۆغان هەوڵی دابڕینی فڕەنسا و دابەشكردنی ئەوروپاییەكان دەدات، بۆیە هەموو بەرەكانی گڕ تێبەرداوە. 

گۆڤاری " Worldpoliticsreview "، لەبارەی ناكۆكییەكانی هەردوو سەرۆك دەڵێت، پاڵنەر و ئامانجەكانی ماكرۆن لەوەتەی گەیشتووەتە دەسەڵات لە باوەڕی بە توانای گەڕاندنەوەی شكۆی فڕەنسا وەك  هێزێكی كاریگەری ئەوروپی و دنیایی سەرچاوەی گرتووە، ئەو لەسەر رێبازی شارل دیگۆل و فرانسوا میتران دەڕوات، ئەوەیش دەیخاتە رووبەڕووی هاوتا توركییەكەی كە لای خۆیەوە هەوڵی فرەوانكردنی دەسەڵاتەكانی توركیا و بەهێزكردنی لە ناوچەكە و دنیا دەدات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل