بەهۆی پەكەكەوە نەخۆشخانەیەكی ماوەت وێران بووە و گرفتی تەندروستی دروست كردووە

:: PM:08:38:28/10/2020 ‌

بەهۆی بوونی چەكدارانی پەكەكە لە سنووری ناوچەی شارباژێڕ، بە تایبەتی لە شارۆكەی ماوەت، زیانێكی زۆری بە هاووڵاتییانی سنوورەكە گەیشتووە، سەرەڕای زیانی هاووڵاتییان، زیان بە بینایەكی حكوومی كەوتووە و پێنج مانگ دەبێ نەخۆشخانەیەك رووخاوە و نەخۆش ناتوانن سەردانی بكەن.
پێنج مانگە بە رووخاوی ماوەتەوە و زیانی زیاتر لە 60 هەزار دۆلاری بەر كەوتووە
نەخۆشخانەی "سەفرە"، لە سنووری شارۆكەی ماوەت لە ناوچەی شارباژێڕ، بەهۆی بوونی پەكەكە لەو سنوورە، فڕۆكەكانی توركیا بۆردمانی ناوچەكەیان كرد و نەخۆشخانەكە بەشێكی زۆری رووخا و تا ئێستەیش نۆژەن نەكراوەتەوە و زیانی نزیكەی 100 ملیۆن دینار بووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 28ی تشرینی یەكەم، كامەران حەسەن، قایمقامی شارۆكەی ماوەت بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی پەكەكە لە سنوورەكە بووە، لە ماوەی رابردوو فڕۆكەكانی توركیا بۆردمانی ناوچەكەیان كرد لە سەفرە، بەوهۆیەوە نەخۆشخانەی سەفرە بەر بۆردمانەكە كەوت و رووخا.

زیاتر گوتی، نەخۆشخانەكە بینایەكی حكوومی بوو پێنج مانگ دەبێ بە رووخاوی ماوەتەوە و تا ئێستە نۆژەن نەكراوەتەوە، زیانی زیاتر لە 60 هەزار دۆلاری بەر كەوتووە و هاووڵاتییان ئەگەر نەخۆش بن لە گوندی سەفرە، دەبێ بچنە گەڵاڵە و شوێنەكانی تر بۆ وەرگرتنی چارەسەر ئەوانیش دوورن.

قایمقامی ماوەت روونی كردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەیەك هێڵی كارەبای ناوچەكە پچڕاو و دواتر توانرا بە لێهاتوویی كارمەندانی كارەبا چاك بكرێتەوە، بەڵام بینای نەخۆشخانەكە وەك خۆی بە رووخاوی ماوەتەوە، لەو زیانانە لایەنی پێوەندیدارمان ئاگادار كردووەتەوە بۆ ئەوەی بەدەم ئەو گرفتەوە بێن.

شایەنی باسە شەوی 26ی ئایاری ئەمساڵ، بەهۆی بوونی پەكەكە لە ناوچەكە، فڕۆكەكانی توركیا بۆردمانی گوندی سەفرەیان لە ماوەت كرد و بەوهۆیەوە نەخۆشخانەی گوندەكە رووخا و چەند چەكدارێكی پەكەكەیش كرانە ئامانج.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل