ساڵانێكە پارتی كرێكارانی كوردستان خاكی هەرێمی كوردستانی كردووتەوە گۆڕەپانی هێرشكردنە سەر توركیا، بەوەیش سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی خستووەتە مەترسییەوە، پێوەست بەو پرسە شارەزایانی تەناهی هۆشدای دەدەن، بەڵام بەرپرسانی عێراقی هەڵوێستێكی روونیان نییە.
پەكەكە نائارامییەكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە
ئەحمەد خورشید، شارەزای تەناهی بۆ"وشە" دووپاتی لەوە كردەوە كە هەر جێگەیەك ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان دوو هێز، ئەو جێگەیە نائارام دەبێت، دەتوانین بڵێین ئێستە رووبەرێكی فراوانی هەرێمی كوردستان نائارامە و هۆكارەكەیشی بۆ بوونی پەكەكە دەگەڕێتەوە.
زیاتر گوتی، دەكرێ هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق هاوئاهەنگ بن بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق.
پێشتر تارق حەڕب، شارەزای یاسایی عێراقی بۆ"وشە"، دووپاتی كردەوە كە بوونی پەكەكە لە عێراق نایاساییە و ئەركی حكوومەتی عێراقە دەریان بكات، چونكە بەپێی یاسا نابێ هێزێكی دەرەكی خاكی عێراق بۆ بەرژەوەندی خۆی و هێرشكردنە سەر وڵاتانی داوسێ بەكاربێنێت.
لەبارەی بەدەنگهاتنی حكوومەتی عێراق بەرانبەر بوونی نایاسایی پەكەكەوە، "وشە" پێوەندی بە سەعەد معەن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە كرد و لێ پرسی ئاخۆ دەكرێ وەك جەنگی دژ بە داعش هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق هاوئاهەنگ بن بۆ نەهێشتنی هەر هێزێك لەسەر خاكی عێراق، كە مایەی سەرئێشە بێت، ئەو گوتی، هیوادارین لە هەموو روویەكەوە هەنگاو بنرێ بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەك .
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە"، مانەوەی پەكەكە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بووتە هۆكارێك بۆ ئەوەی بەئاسانی منداڵانی هەرێم پەلكێشی ناو هێزەكانیان بكەن.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی