سبەی پێنجشەم موسڵمانانی دنیا یادی لەدایكبوونی محەمەد كوری عەبدوڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د خ) دەكەنەوە، بەو بۆنەیەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و جیهان كرد.
وەك لە پیرۆزباببنامەكەدا هاتووە، لە یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام، حەزرەتی محەمەد "د.خ"، گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم، هیوادارم یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر، هاندەری لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و دۆستایەتی و گەردنئازادیی نێوان مرۆڤەكان و تەواوی گەلان و ئاین و ئاینزاكان بێ لە ناوچەكە و جیهاندا.
باشترین یادكردنەوەی لەدایكبوونی حەزرەتی محەمەد، پابەندییە بە پەیام و فەرمایشت و ئاكار و ڕەوشتە بەرزەكانی، كە لە بەخشندەیی و بەزەیی و لێبوردەیی و ئاشتەواییدا بەرجەستەیە، جارێكی تر ئەم یادە لە سەرجەم موسڵمانان پیرۆز دەكەم و لە خوای مەزن داواكارم دەروازەی خێر و خۆشی لە گەلەكەمان و سەرجەم مرۆڤایەتی بكاتەوە و كۆتایی بە مەینەتییەكان بێت.