جۆ بایدن پاڵێوراوی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل زۆر پتەوتر دەكات و هەرگیز رێ نادات ئێران دەستی بە چەكی ناوكیی رابگات.
ئەو لە وتارێكیدا كە لە رۆژنامەی ئەلیكترۆنی جۆویش تەلەگرافیك بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی هەرگیز پشتی لەو بەڵێنە نەكردووە بە ئیسرائیلی داوە و وانەیەك لە باوكی خۆی فێر بووە هەرگیز لە بیری ناكات و وانەكەش بۆ نەوەكانی خۆی دەگوازێتەوە.
بەگوێرەی
سپوتنیك، بایدن بە توندی رەخنەی لەوە گرتووە دۆناڵد ترەمپ لە باری پاڵپشتیكردنی لە جووەكان كەمتەرخەمی هەبووە، بەتایبەت كاتێك گرووپێكی نوێی نازی لە شارلۆ تسۆیل دژی جووەكان سەری هەڵدا، كەچی ترەمپ گوتی لە هەردوو لایەن كەسانی باش هەن و ئەو قسەیەش ناخی ئەوی هەژاندووە و دنیاشی تووشی سەرسوڕمان كرد.
گرنگترین ئەو بەرپرسیارێتییانەش بریتییە لە بەهێزكردنی پێوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئیسرائیل
بە بۆچوونی بایدن بەرپرسیارێتییەكانی ئەو سنوورەكانی ئەمەریكای بڕیوە و گرنگترین ئەو بەرپرسیارێتییانەش بریتییە لە بەهێزكردنی پێوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئیسرائیل، رووبەڕووی هەر وڵاتێك دەبنەوە بخوازێ ئیسرائیل لەناو ببات.
هەروەها تیشكی خستەسەر ئەوەی هاوكاری هاوپەیمانەكانی ئیسرائیلیش دەكات و لە رووی بەرگریی سەربازییەوە یارمەتییان دەدات، هەرگیز رێ نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ناوكیی.