بەڕێوەبەری سێگردكان چەند زانیارییەك لەسەر چەكدارە داعشەكان بڵاو دەكاتەوە

:: AM:11:11:29/10/2020 ‌
بەڕێوەبەری شارەدێی سێگردكان ڕای دەگەیەنێت، ئێستە كێوماڵكردن لە سنووری سێگردكان بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی هاتوونەتە سنوورەکە دەستی پێ‌ كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 29ـی تشرینی یەكەم، فاتیح حوسێن بەڕێوەبەری شارەدێی سێگردكان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە بوونی چەند چەكدارێكی نەناسراو ئاگەدار كراینەوە، ئەوان تەقەیان لە هاووڵاتییەكی یەكێك لە گوندەكان كردووە كە ئەو هاووڵاتییە سەرقاڵی كاری خۆی بووە.

دەستمان بەكێوماڵكردنی ناوچەكە بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی هاتوونەتە سنوورەکە كردووە 
بەڕێوەبەری شارەدێی سێگردكان گوتی، هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش ئێستە لە سنوورەكەدان و دەستمان بەكێوماڵكردنی ناوچەكە بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی هاتوونەتە سنوورەکە كردووە، پشكنین بە چڕی دەکرێت.

شەوی ڕابردوو لە یەكێك لە گوندەكانی سنووری شارەدێی سێگردكانی سەر بە تەقتەق، لەلایەن چەند چەكدارێك تەقە لە هاووڵاتییەك کرا كە گومانی چەكداری داعشیان لێ‌ دەكرێت و لە سنووری شارەدێی شوان هاتبنە ناوچەكە.

شارەدێی سێگردكان سەر بە شارۆكەی كۆیەیە و دەكەوێتە 75 كیلۆمەتر باشووری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەولێر، بەدووری 60 كیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای كۆیە، بەسەر زێی بچووك دەڕوانێت و لە نێوان شارەدێكانی تەقتەق و پردێ هەڵكەوتووە.



وشە - رامیار جەواد