نه‌مامی هه‌نجیرێكی جیاواز ده‌هێنرێته‌ كوردستان

:: PM:12:20:29/10/2020 ‌
سه‌رپه‌رشتیاری نه‌مامگه‌یەک له‌ شارۆكه‌ی بازیان‌ ڕای گه‌یاند، ئێسته‌ نه‌مامی هه‌نجیری ڕووسی ڕه‌ش بۆ جووتیارانی كوردستان به‌رده‌سته‌.

هه‌شت دانه هه‌نجیرى ڕه‌شى ڕووسى یه‌ك كیلۆیه‌
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 29ی تشرینی یه‌كه‌م، دیه‌ محه‌مه‌د سه‌رپه‌رشتیاری نه‌مامگه‌ی ‎متمانه‌ ئۆنلاین له‌ شارۆكه‌ی بازیان به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، "ئێسته‌ نه‌مامی هه‌نجیری ڕووسی ڕه‌ش بۆ جووتیارانی كوردستان به‌رده‌سته‌، هه‌نجیرێكی گه‌وره‌ و پانه‌، هه‌روه‌ها پێش هه‌نجیری خۆماڵی به‌ر ده‌گرێت".

زیاتر گوتی، "هه‌نجیری ڕووسی ڕه‌ش، قه‌باره‌یەکی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ به‌ جۆرێك هه‌شت دانه هه‌نجیر یه‌ك كیلۆیه‌، نه‌مامی هه‌نجیری ڕووسی بو كه‌شوهه‌وای كوردستان گونجاوه، نه‌مامه‌كه‌ی لە کیسەدایە و به‌ ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵ هێنراوه‌ته‌وه‌ كوردستان، گه‌وره‌یی 40 سانتیمه‌تره‌، نرخی یه‌ك نه‌مام ده‌گاته‌ 10 هه‌زار دیناری عێراقی".

پێویسته‌ بگوترێت كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا هه‌نجیری ڕه‌ش چه‌ندان جۆری هه‌یه‌، ئه‌وانیش هه‌نجیری ڕه‌شی ئیسپانی و ئیتاڵی و توركی و ئوردنی و خۆماڵیش، به‌رهه‌می باشیش ده‌ده‌ن.

هه‌نجیر یه‌كێكه‌ له‌ میوه‌ پڕ خۆراك و ڤیتامین و كانزاكان و زۆرترین سوودی بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌نجیر میوه‌یه‌كی وه‌رزییه‌ و زیاتر له‌ هاوینان دێته‌ به‌رهه‌م، به‌ڵام بۆ ته‌واوی ساڵیش به‌ وشككراوه‌یی هه‌ڵده‌گیرێ، پزیشكان له‌میانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ هه‌نجیر ڕێژه‌یه‌كی زۆری ڤیتامینه‌كان و كانزاكانی تێدایه‌ كه‌ یارمه‌تیده‌رێكی به‌هێزه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كانی جه‌سته‌ و دوورخستنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ نه‌خۆشییه‌ جۆراوجۆره‌كان، هه‌ر به‌رهه‌می میوه‌كه‌ نا، به‌ڵكو گه‌ڵاكه‌یشی له‌ زۆر بواردا به‌كار ده‌هێنرێت.


وشە - محەمەد میران