گرانترین براندەكانی دنیا راگەیەنران

:: PM:12:31:29/10/2020 ‌
ئەپڵ كە بەرهەمی ئەمەریكایە بە گرانترین براندی دنیا هەژمار كرا، لە ناو براندەكانی پیشەسازیش تۆیۆتا لە ریزبەندی یەكەمدا دێت، هەرچەندە لە كۆی براندەكان لە ریزبەندی حەوتەمدا جێی بووەتەوە.
بەهای كۆمپانیای ئەپڵ گەیشتووەتە 323 ملیار دۆلار

بەگوێرەی دواین توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی دامەزراوەی ئینتەربراند، بەهای كۆمپانیای ئەپڵ گەیشتووەتە 323 ملیار دۆلار و ئەمەش پڕبەهاترین براندی بازرگانی دنیا هەژمار دەكرێت، بەهای ئەپڵ لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا 38% بەرز بووەتەوە.

كۆمپانیای ئەپڵ هەر ئێستە بەرنامە و پلانی زۆر تۆكمە و پێشكەوتووی بۆ بەرهەمهێنانی شتی نوێ هەیە و هەر لە چەند رۆژی رابردووشدا نوێترین بەرهەمی ئایفۆنی خستە بازاڕەوە كە ئایفۆن 12 بوو، بە گشتی لە ماوەی ساڵی رابردوو لە زۆر بواردا سەركەوتنی گەورەی تۆمار كردووە.

ئەپڵ بەرنامەیەكی پێشكەوتووی بۆ بەرهەمهێنانی هۆشی دەستكرد هەیە.
ئەپڵ لە دوو ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك هەنگاوی رژدی ناوە تا كەمتر پێویستی بە گووگڵ هەبێت و كارەكان هەر لە لای خۆیەوە راپەڕێنرێن. ئەپڵ بەرنامەیەكی پێشكەوتووی بۆ بەرهەمهێنانی هۆشی دەستكرد هەیە.

ئامازۆن

لە دوای ئەپڵ، كۆمپانیای ئامازۆن دێت كە 60% گەشەی كردووە و توانیویەتی بەهای خۆی بۆ 200 ملیار دۆلار بەرز بكاتەوە. بە پێچەوانەی زۆربەی كۆمپانیاكان كە كۆرۆنا زیانی بۆیان هەبوو، كەچی ئامازۆن سوودی زۆری لەم دۆخە بینی و توانی داهاتێكی زۆر دەستەبەر بكات.

ئەو رێوشوێنانەی لە وڵاتانی دنیا دژی كۆرۆنا گیرانەبەر، لە زۆر وڵاتان كەرەنتین راگەیەنرا، خەڵك لە جیاتی بازاڕی ئاسایی زیاتر رووی لە بازاڕی ئەلیكترۆنی كرد و ئامازۆن جگە لە فرۆشی ئینتەرنێتی، توانی لە سیستمی سەیركردنی فیلمی ئامازۆنیش بینەرێكی زۆر لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە و بازاڕەكەی گەرمتر بكات.

مایكرۆسۆفت 

مایكرۆسۆفت بە رێژەی 53% گەشەی كردووە و لە دوای كۆمپانیای ئامازۆن لە ریزبەندی سێیەمی بە بەهاترین براندەكانی دنیا دێت. بەهای مایكرۆسۆفت بریتییە لە 166  ملیار دۆلار.

كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بە خستنەڕووی بەرهەمێكی نوێی مۆبایل، دووبارە بۆ بازاڕی مۆبایل گەڕاوەتەوە. جگەلەمە پەرەی زیاتری بە ئەپلیكەیشنەكانی داوە و بە سوودوەرگرتن لە سیستمێكی نوێ توانیویەتی سەركەوتنی بەرچاو لەم بازاڕەدا بۆ خۆی تۆمار بكات.

گووگڵ

براندی گووگڵ لە ریزبەندی چوارەمدا دێت، هەرچەندە بە جیاواز لە براندەكانی تر 1% لە بەهاكەی دابەزیوە. بەشێكی زۆر لە چالاكییەكانی گووگڵ لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر سەركەوتوو نەبوون و تووشی جۆرێك بێ متمانەیی لە لایەن بەكارهێنەرانی لە وڵاتانی تر بووە، رەخنەی ئەوە ئاراستەی گووگڵ كراوە كە بەشێك لە زانیارییەكان دەدزێت.

كۆمپانیای گوگڵ لە بەرهەمهێنانی مۆبایلیشدا لەگەڵ هەندێك كێشە بەرەوڕوو بووە و بە گشتی بەهاكەی دەگاتە 165 ملیار دۆلار.

سامسۆنگ

سامسۆنگ بە پێنجەم براندی  دنیا هەژمار دەكرێت كە بەهاكەی زۆر بەرزە و دەگاتە 62 ملیار دۆلار، لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە رێژەی 2% توانیویەتی پەرە بە بەهاكەی بدات.

سامسۆنگیش لە بواری پەرەپێدانی ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم و فرۆشتنی مۆبایل لە ماوەی ساڵی رابردوودا سەركەوتنی بەرچاوی دەستەبەر كردووە.

کۆکاکۆلا

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، كۆكاكۆلا 10% پاشەكشەی كردووە و بەهاكەی دەگاتە 56 ملیار دۆلار. پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت ئەوەی دەخرێتەڕوو بەهای كۆی پشكەكانی ئەو براندانەیە و مەرج نییە كەسێك خاوەندارێتییان بكات.

ئەو كۆمپانیایانە لە چوارچێوەی سیستمی  پشكداری بەڕێوە دەچن و خەڵكێكی زۆر لە وەبەرهێنانەكەدا بەشدارن و پشكیان لەم براندانەدا هەیە. هەڵبەت هەندێك جار كەسێك كە زیاتر دامەزرێنەرەكەیەتی زۆرترین پشكی هەیە و لە لیستی دەوڵەمەندەكانی دنیاش جێی خۆی كردووەتەوە.

تۆیۆتا

 لە دوای كۆكاكۆلا تۆیۆتا دێت كە براندێكی ژاپۆنییە و بە پڕبەهاترین براندی پیشەسازی دنیا هەژمار دەكرێت. هەر ئێستە بەهای تۆیۆتا 42 ملیار دۆلارە و لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا 8% لە بەهای كۆمپانیاكە كەمی كردووە.

یەكێك لەو كەرتانەی كۆرۆنا كاریگەرییەكی زۆر خراپی لەسەر دانا، كەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل بووە. بەهۆی رێوشوێنەكانی كەرەنتین بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و لەگەڵ ئەمەدا ژمارەی كڕیارەكانی ئۆتۆمبێلیش كەمیان كرد، زۆر لە خەڵك لەبەر تەنگژەی دارایی هەوڵی كڕینی ئۆتۆمبێلی نوێیان نەدا.

بەهۆی رێوشوێنەكانی كەرەنتین بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی
هەرچەندە تۆیۆتا بە پێدانی هەندێك ئاسانكاری و ئیمتیاز هەوڵی داوە سەرنجی كڕیاری زیاتر بۆ لای خۆی رابكێشێت، بەڵام ئەمەش فریای نەكەوتووە و سەرەڕای ئەم كەموكورتییانە لە براندە پیشەسازییەكان لە پلەی یەكەمدا ناوی دێت.




وشە - سلێمان تاشان