"دەبێت پەکەکە ڕێز لە سەروەری یاسا و دەزگاکانی حکوومەت بگرێت"

:: AM:10:10:30/10/2020 ‌
لە بارەی جموجوڵەکانی چەکدارانی پەکەکە لە ناوخاکی هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئارامی هەرێمی کوردستان و هێرشکردنە سەر دەزگاکانی حکوومەت داوا دەکرێت پەکەکە ڕێز لە سەروەری یاسا و دەزگاکانی حکوومەت بگرێت.

دڵشاد نامیق مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکار بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "دەبێت پەکەکە ئەوە بزانێت کە ئێسته‌ دۆخی هەرێم جیاوازە و لەهی سەردەمی شۆڕش، هەرێم لەو قۆناغە دەرچووە و ئێسته‌ لە قۆناغی كارگێڕى و دەوڵتداریدایە، هەموو دەبێت ڕێز لە سەروەری خاک و نیشتمان بگرن کاتێک تێیدا دەژی.

زیاتر گوتى، هەر جوڵە و کارێکی پەکەکە لە ناوخۆی هەرێم و دژی دەزگاکانی حکوومەت دەچێتە چوارچێوەی خزمەتکردن بە نەیارەکان، لەسەر پەکەکە واجبە ڕێز لە سەروەری یاسا و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگرێت.

لای خۆیەوە سەرگوڵ قەرەداغی، گوتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی لە بارەی جوڵەکانی ئەمدوایەی چەکدارانی پەکەکە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی کە لەم ماوەیەدا هەستی پێکراوە ئاڵۆز بوونی پێوەندییەکانی پەکەکەیە لەگەڵ هەندێک لایەن، کە کۆمەڵیک هۆکاری جیاوازی لە پشتەوەیە، ئێمە پێمان وایە هەر لایەنێک کە چەکی پێبوو لە قۆناغیکدا دەبێتە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتن و چەسپاندنی دیموکراسییدا.

ڕوونى كرده‌وه‌، بەشێوەیەکی گشتی بوونی چەک بەدەستی هەر لایەنێک مەترسی گەورە لەسەر ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست دەکات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران