سێ بهندكراوى كورد له سێداره دران لە بەندیخانەی ئورمییە، ههروهها بەندکراوێکی تریش كه بە سێدارەدان سزادرابوو پێش بەڕێوەچوونی سزاکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هینا.
ئهمڕۆ ههینى 30ى تشرینى یهكهم، بەپێی ڕاگهیهندراوى ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تێیدا هاتووه، "ڕۆژی پێنجشەم 29ی تشرینی یهكهم، سزای سێدارەی چوار بەندکراو بە ناوەکانی یاسر محەمەد، زەیناڵ عابدین محەمەد، عەلی مەلەکی مورتەزا حەیدەر و موسا نهعمان، لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمییە جێبەجێ کرا."
زیاتر هاتووه، "عەلی مەلەکی کە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ زەیناڵ و یاسر سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، شەوی پێشتر بە کەرەسەتی تیژ، ڕەگی دهماری خۆی بڕیووه و كۆتایی به ژیانی خۆی هێناوه".
ڕوونكراوهتهوه، "ئەو سێ کەسە ماوەی پێنج ساڵە، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی پێنج کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. مورتەزا حەیدەر کە لە دۆسیەیەکی جیادا سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو گەڕێندراوەتەوە بۆ بەند و سزاکەی جێبەجێ نەکراوە. موسا نهعمان خەڵکی گوندی دەلۆ بووە و هەر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە."
ئاماژه كراوه، "ئەو بەندکراوانە ڕۆژی ڕابردوو لە بەندی 2-1 بەندیخانەی ئورمییە بۆ بەڕێوەچوونی سزای سێدارە گوازرابوونەوە ژووری تاکە کەسی بەندیخانە."