به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی پۆلیسی گه‌رمیان ڕای گه‌یاندووه، دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو ته‌رمی ژنێك گه‌یه‌نرایه نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید هه‌ژار له كه‌لار كه به‌هۆی به‌ركه‌وتنی فیشه‌كی تاپڕه‌وه گیانی له ده‌ست دابوو.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م نۆی تشرینی دووه‌م، عه‌لی جه‌مال قه‌دووری به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی پۆلیسی گه‌رمیان له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕای گه‌یاندووه، "دره‌نگانێكی شه‌وی ڕابردوو له گوندی قه‌ڵاته‌په‌ی سه‌ر به شاره‌دێی قۆره‌تووه‌وه، ته‌رمی ژنێك به ناوی (ش- ع- ڕ) له‌دایكبووی ساڵی 2005 گه‌یه‌نراوه‌ته به‌شی فریاكه‌وتنی شه‌هید هه‌ژار له كه‌لار كه به‌هۆی به‌ركه‌وتنی فیشه‌كی تاپڕه‌وه گیانی له ده‌ست دابوو".
ڕوون كراوه‌ته‌وه، به گوته‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی كه‌سیان له ماڵه‌وه نه‌بوونه و ژنه‌كه خۆی كوشتووه.
ئاماژه‌ی داوه، ئێسته به‌بڕیاری دادوه‌ر و به‌پێی ماده‌ی 405 باوك و برایه‌كی ژنه‌كه گیراون، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یش له‌سه‌ر چۆنێتی ڕووداوه‌كه كراوه‌ته‌وه و پۆلیس ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه كردووه له‌وه‌ی كه ئایه خۆی كوشتووه یان كوژراوه.
له ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌پێی ئاماره‌كانی پۆلیسی ئه‌و شاره بێت، ڕێژه‌ی توندوتیژی به‌رانبه‌ر ژنان ڕووی له زیادبوون كردووه.