ماهر عەبد جۆدە: ناكرێ گەلان برسی بكرێن و پرسی سیاسی لەسەر حیسابی مووچەخۆر یەكلا بكرێتەوە

:: PM:05:49:18/11/2020 ‌

دۆخی عێراق تەواو وابەستەی دۆخی هەرێمایەتی و ناودەوڵەتی بووە، بەشێوەیەك هیچ بوارێك بۆ بڕیارێكی نیشتمانی دوور لە لاگیریی تایفیەیی و نەتەوەیی، كە ریشەكەی لە دەرەوەی ئەو وڵاتەیە، نەماوەتەوە، هەر حكوومەتێك دێ رووبەڕووی هاوكێشەیەكی ئاڵۆزی فەرمانڕەوایەتی دەبێتەوە، ماهر عەبد جۆدە، شرۆڤەكاری سیاسی عێراق بۆ "وشە"، تیشك دەخاتە سەر داهاتووی عێراق و دەڵێت، تەنگژەی ئێستەی عێراق سیاسییە نەوەك دارایی.
ئەوەی هەیە تەنگژەیەكی سیاسییە بۆ چەند مەبەستێك، رەنگە لە داهاتوودا وەك بانگەشەی هەڵبژاردن سوودی لێ ببینرێت
*لە چەند مانگی دواییدا عێراق تووشی تەنگژەیەكی گەورەی دارایی بووەوە و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی دوا كەوت، هۆكارەكەی بوونی تەنگژەیەكی داراییە یان ململانێی سیاسی؟

ئەو تەنگژەی هەیە تەنگژەی زەمیرە لای سیاسەتوانی عێراقی، تەنگژەكە سیاسییە نەوەك دارایی، عێراق لە پارە و سەرچاوەی داهاتی كەم نییە، بەڵكو كەموكورتی لە ئیدارەدان هەیە كە بەداخەوە خراپیی ئیدارەدانمان هەیە، تەنگژە دروست دەكرێ و نمایشكردن لەناو پەرلەمان هەیە، ئەوانە تەنیا نمایشێكی سیاسین و بانگەشەكردنی هەڵبژاردنن، ئەوان دوای ئەوەی جەماوەری خۆیان دۆڕاند، دەیانەوێ پەیام رەوانە بكەن بەوەی لە خەمی داهات و عێراقییەكانن، دەبوایە حكوومەت كەرتی دارایی رێك خستبووایە، واتە پلەبەندیی مووچە رێك نەخراوە، جیا لە دابەشكردنی داهات بە شێوەیەكی دادوەرانە بەسەر گەلی عێراق هەر لە هەولێرەوە تا بەسڕە، لەپاڵ ئەوەدا ناكرێ گەلان برسی بكرێن و پرسە سیاسییەكان لەسەر حیسابی مووچەخۆری عێراقی چارەسەر بكرێت، بۆیە ئەوەی هەیە تەنگژەیەكی سیاسییە بۆ چەند مەبەستێك رەنگە لە داهاتوودا وەك بانگەشەی هەڵبژاردن سوودی لێ ببینرێت.

*ئێمە بەرە بەرە لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە حوزەیرانی 2021 نزیك دەبینەوە، كەچی ئامادەسازییەكان وەك پێویست نین، ئەگەر هەڵبژاردن دوا خرا یان نەكرا چی دەبێت؟

پرۆسەی سیاسی لە رێگەی هەڵبژاردن دیاری دەكرێت، سیستمی سیاسی پشت بە هەڵبژاردن دەبەستێت، هەڵبژاردنیش هیچ بەهایەكی نابێ بێ دادگەی فیدراڵ، تا ئێستەیش دادگەی فیدراڵی عێراق لە نۆ دادوەر سێ كورسی بەتاڵە، جیا لەوە كێشەی تر لە پەكخستنی یاساكەی هەیە، قسەیش هەیە كە هەڵبژاردن بێ بوونی دادگاكە ناكرێت، بۆیە ئەو پەكخستە و دەستی دەستیكردن بە دادگاكە و یاساكەی لەلایەنی هێزە سیاسییەكان، روونە كە مەبەست لێی پەكخستنی وادەی هەڵبژاردنەكەیە، بۆیە پێمان وایە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە شەشی حوزەیران زەحمەتە، بەتایبەتی ئەمڕۆ چووینە ناو ململانێیەكی نوێی سوننە-سوننە لەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، بۆیە بێگومان ئەو كێشە ئاڵۆزی زیاتری دروست كرد.

وای دەبینین كە وادەی هەڵبژاردن لەو وادەی بۆی دیاری كراوە ناكرێ و رەنگە دوا بخرێت، ئەوەیش دەزانین كە دوای شەشی حوزەیران تەمەنی پەرلەمانی عێراق نزیكەی 10 مانگی دەمێنێت، بۆیە ئەو هەوڵی پەكخستن و خۆدزینەوە بۆ مەبەستی سیاسی و دواخستنی هەڵبژاردنە، بەتایبەتی زۆرێك لە ئامادەسازییەكانیتر تەواو نەكراوە و دۆخەكە سەخت و ئاڵۆزە، هەڵبژاردن كێشەی زۆری لەپێشە، لەوكاتەی عێراقییەكان چاویان لە هەڵبژاردنێكی جیاوازە لەوەی 2018 كە ساختەكاری تیادا كرا و 80%ی گەلی عێراق بایكۆتیان كرد، بۆیە راپەڕینی تشرینی یەكەمی 2019 بە درووشمی "وڵاتمان دەوێت"، رووی دا، پێمان وایە هەڵبژاردنەكە لەكاتی دیاریكراو ناكرێ و ئەگەر یاسای دادگای فیدراڵ پەسند نەكرێت، هەڵبژاردنەكە هیچ بەهایەكی نابێت.
      
*هەفتەی رابردوو پڕۆژەیاسای قەرزكردن بە زۆرینەی پەرلەمانی دوور لە خواستی كورد تێپەڕ كرا، چی روودەدات؟

ئەوەی روودەدات وەك كارەسات دەیخوێنینەوە، برا و كەسوكار و هاوبەشانمان لە وڵات و لە هەرێمی كوردستان وەك گەلێك، هیچ گوناحێكیان نییە، تۆ نابێ مووچەی خەڵكانێكی مووچەخۆر ببڕٍی كە هیچ پێوەندیان بە ململانێی سیاسییەوە نییە، تۆ ئەگەر ململانێت هەیە یان بانگەشەی هەڵبژاردنت هەیە، ئەوان گوناحیان نییە، قەرزەكە بۆ هەموو عێراقییەكان بوو نەك بۆ خەڵكی بەسڕە یان ئەنبار، بەڵكو بۆ هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجەیش، بۆیە تۆ گەلێك سزا دەدەیت.

داوا لە ئاقڵمەندەكانی هەردوولا لە هێزە سیاسییەكان و برایانیش لە هەرێم دەكەم كە پەنا بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەكە ئاقڵمەندانە ببەن، پێویستە ئەوان ئەو كێشانەی هەیە دوور لە قووت و مووچەی خەڵك و فەرمانبەران یەكلا بكەنەوە كە هیچ گوناحێكیان نییە، جا لە هەرێم یان لە باشوور یان ناوەڕاستی عێراق بن، بەڵام بەدواخەوە ململانێی سیاسی بەسەر دۆخەكە و قۆناغەكەدا زاڵە و گۆڕەپانی ململانێی سیاسییەكانە، دووبارەی دەكەمەوە ئاقڵمەندان لە بەغدا و هەولێر دەبێ ئەو تەنگژە چارەسەر بكەن، چونكە برا و كەسوكارمان لە هەرێم گوناحیان نییە تا مووچەیان دوابخرێت.  

*جۆ بایدن كێبەركێی سەرۆكایەتی ئەمەریكای بردەوە، كاریگەری ئەو گۆڕانكارییە لەسەر عێراق و ئێران و ناوچەكە چییە؟
 
بە بردنەوەی جۆ بایدن، قیبلەنماكە لەوپەڕی راستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپەوە گۆڕا، بەرنامە و ئاراستەی بایدنی دیموكرات جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ترەمپ و پارتی كۆماری، رەنگە ئەو بە هاوشێوەی ترەمپ مامەڵە نەكات كە سزا و توندڕۆیی زۆر بوو و گورزی سەربازی وەشاند، وەك كوشتنی هەردوو سەركردە قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، كە كاریگەری گەورەی لەسەر گۆڕەپانی عێراقی هەبوو، بۆیە بە هاتنی بایدن گۆڕەپانی عێراق هێور دەبێتەوە، هەروەها ململانێی عێراق و ئەمەریكا ئەویش هێواشتر دەبێت و رەنگە لایەنی سیاسی زاڵتر بێت.

پێشبینی دەكەین بایدن و ئێران بچنە ناو گفتوگۆ، لەوكاتەی لە دوا ساتەكانی مانەوەی لە كۆشكی سپی، ترەمپ دەیەوێ توندڕۆیی لەسەر گۆڕەپانی كەنداو عێراق پێشان بدات و بوار بە ئێران نادات بۆ دەربازبوون، سزاكان توندتر دەكات و پێش ماویەك هەوڵی لێدانی ئێرانی دا و دەیەوێ هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ئەفغانستان پاشەكشە پێ بكات، بۆیە جیاوازی لە نێوان هەردوو قوتابخانە و شێوازی كاركردنیان هەیە، بایدن بە هاوشێوەی ترەمپ گرنگی بە گۆڕەپانی عێراق نادات، وەك عێراقییەك پێم وایە چوونەدەرەوەی هێزەكانی عێراق زەرەری تیادایە و رەنگە داعش چالاكتر ببێتەوە، وەك ئەوەی لە دیالە و ناوچەی تریش دەیبینین.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل