داوا لە ماكرۆن دەكرێ ئیخوان موسلیمین لە فڕەنسا قەدەغە بكات

:: PM:12:16:19/11/2020 ‌
22 كەسایەتیی گەورە و دیاری فڕەنسا لە نامەیەكی كراوەدا، داوا لە سەرۆك ئیمانوێل ماكرۆن و وەزیری ناوخۆی وڵاتەكە دەكەن رێكخراوی ئیخوان موسلمین لە فڕەنسا قەدەغە بكەن كە ناوی خۆیان ناوە "مسوڵمانانی فڕەنسا".

پێگەی "ئەلعەرەبیە" ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، 22 كەسایەتیی گەورە و دیاری فڕەنسا، داوا لە سەرۆك ماكرۆن و سەرۆك وەزیران جان كاستیكس و وەزیری دەرەوەی فڕەنسا جێراڵد دارمانە دەكەن، چالاكیی لقی ئیخوان موسلیمینی فڕەنسا قەدەغە بكەن.

ئەوان لە نامەیەكی كراوەدا دەڵێن، لە ساڵی 2017ەوە رێكخراوی ئیخوان موسلیمین ناوی خۆیان ناوە "مسوڵمانانی فڕەنسا" و ئەو رێكخراوە مەترسیی بۆ فڕەنسا هەیە، بۆیە بە قەدەغەكردنی، دەبێتە لێدان لە دڵی مەرجەعی ئایدیۆلۆجی توندڕۆی رێكخراوەكە.

ئەوانەی لە نامەكەدا واژوویان كردووە ئاماژە دەدەن، بۆچوونی ئیخوانەكان دوژمنایەتیی رۆژئاوایە، بۆیە یەكیتێی رێكخراوە ئیسلامییەكان لە فڕەنسا، ناوی لە خۆی ناوە، "مسوڵمانانی فڕەنسا".

لە كۆتایی نامەكەیاندا ئەو 22 كەسایەتییە نووسیویانە، فڕەنسا وڵاتی رووناكبیران و وڵاتی ڤۆڵتێرە، بۆیە لەلایەن ئیخوان موسلیمینەوە دەكرێتە ئامانج.

لەلایەكی تریشەوە دەستەی زانایانی مسوڵمانان لە سعوودیە رایان گەیاند، رێكخراوی ئیخوان موسلیمین كۆمەڵەیەكی تیرۆریستین و پێڕەوی میتۆدی ئیسلام ناكەن، بەڵكو لە پێناو حزبەكەیان كار دەكەن.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د