ئۆكسفۆرد ئەنجامی دڵخۆشكەر لەبارەی ڤاكسینەكەی رادەگەیەنێت

:: PM:08:19:19/11/2020 ‌

لەناو زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە ماوەی دواییدا هەوڵ و تاقیكردنەوە پزیشكییەكان خەریكن دەگەن بە ئەنجامی باش، كاتێك كۆمپانیاكانی فایزەر و بیوتنیك و مۆدێرنا سەركەوتنی سێیەم قۆناغی تاقیكردنەوەكانیان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسین راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەم زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی ئەنجامی باشی تاقیكردنەوەكانی ئاشكرا كرد.
48 ڤاكسین لە تاقیكردنەوەدان لەسەر مرۆڤ
هەریەك لە زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی و كۆمپانیای ئەسترازینیكا خەریكی پەرەپێدانی ڤاكسینێكن لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوان رایان گەیاند ئەنجامی دووەم قۆناغی تاقیكردنەوەكانیان سەركەوتوو بووە لە رووی سەلامەتی و كاریگەریی ڤاكسینەكەیان، بەتایبەتی لای كەسانی بەتەمەن، ئەوەیش دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەم ئەنجامەكانیان راگەیاند.

بەپێی زانیارییەكان ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی ڤاكسینی ئۆكسفۆرد كەمترین كاریگەریی لابەلای بۆ سەر بەتەمەنەكان دەرخستووە، واتە ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 56 ساڵ بووە، ئەوەیش ئەنجامێكی گرنگە، چونكە كۆرۆنا بەتوندی كار دەكاتە سەر كەسانی بەتەمەن.

 پەرەپێدەرانی ئەو ڤاكسینە دەڵێن كە دەچنە سێیەم قۆناغی تاقیكردنەوەكان بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامەكانی پێی گەیشتوون، كاتێك لەگەڵ بەتەمەنداچوونی مرۆڤ سیستمی بەرگری لەشی لاوازتر دەبێت، بۆیە ئەوان مەترسی زیاتری تووشبوون و مردنیان لەسەرە.  

ئەندرێ بۆلارد، مامۆستا لە زانكۆی ئۆكسفۆرد دەڵێت، گرنگە ڤاكسینەكانی دژ بە كۆرۆنا لەسەر ئەو كۆمەڵە، بەتەمەنەكان، تاقی بكرێتەوە كە پێویستی زیاتریان بە پاراستن هەیە، شایەنی باسە ڤاكسینی ئۆكسفۆرد/ئەسترازینیكا، یەكێكە لە 48 ڤاكسین ئێستە لەژێر تاقیكردنەوەدایە لەسەر مرۆڤ، وەك رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بۆ كردووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل