پاول ئیدۆن پسپۆر له بواری به‌رگری و سه‌ربازی كه زیاتر له باره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه ده‌نووسێت، له بابه‌تێكی كه له گۆڤاری
فۆربس بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی داوه كه میلیشیاكانی ئێران له عێراق چه‌ك و مووشه‌كی پێشكه‌وتوو و ترسناكیان له ده‌ستدایه و ده‌توانن ناوچه‌كه به ته‌واوی وێران بكه‌ن، ئه‌گه‌ر هاتوو ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌كان بگاته ئاستی پێكدادان، له‌مه‌یشدا ئێران هاوكاری سه‌ره‌كیانه، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی به‌هۆی ئه‌وه‌ی به به‌شێك له هێزه فه‌رمییه‌كانی عێراق دانراون، چه‌كی پێشكه‌وتووی ڕۆژئاوایشیان به‌ده‌ست ده‌گات، به‌ڵام ئێسته به نهێنی تاران كه‌سانی شاره‌زای له دروستكردنی مووشه‌ك بۆ ره‌وانه كردوون و میلیشیاكان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی دروستكردنی مووشه‌ك مه‌شق پێ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ كارگه و كۆگه‌ی نهێنی دروستكردنی مووشه‌ك بگوێزنه‌وه ناوخۆی عێراق.
له بابه‌ته‌كه هاتووه، له كۆتایی مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر میلیشیاكانی ئێران له عێراق جۆره مووشه‌كێكیان تاقی كرده‌وه، كه ناویان نابوو "شهاب الكهف" و تواناكانی زۆر جیاواز و پێشكه‌وتوو بوو، به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌سه‌ری بڵاوكرایه‌وه، هه‌مووان دووپاتیان له‌وه ده‌كرده‌وه، كه ئه‌مه مووشه‌كێكی دروستكراوی ئێرانه، به‌ڵام كاتێك به وردی له تواناكانی مووشه‌كه‌كه ورد ببیته‌وه و كاریگه‌رییه‌كانی لێك بده‌ینه‌وه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ، كه ئه‌وه هه‌مان مووشه‌كی تۆس یه‌كی ڕووسیه، كه له ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووسیا و به دیارییكراویش له هه‌رێمی بریمۆری به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.
هه‌موو زانیارییه‌كان پشتڕاستی ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه مووشه‌كه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌سكردی ئێران نییه، بگره بۆیه كراوه و شێوه‌ی گۆڕاوه و ناوی لێ نراوه، ده‌نا له بنه‌ڕه‌تدا مووشه‌كه‌كه له ڕووسیاوه هاورده‌ی ئێران و له‌وێوه‌یش هاورده‌ی عێراق كراوه و گه‌یشتووه‌ته ده‌ست میلیشیاكانی سه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێران، تواناكانی ئه‌و مووشه‌كه ترسناكن و ده‌توانێ تانكی جۆری تی 72 ببڕێت، كه ئه‌و جۆره تانكه سۆڤیه‌تییه كه پێشتر سوپای عێراق و ئێسته‌یش به‌شێكی زۆری له‌و تانكانه‌ی ماوه، جیا له‌وه‌یش ده‌وروبه‌ری شوێنی ئامانج به ڕووبه‌ڕووی 200 تا 300 مه‌تر وێران ده‌كات، بۆیه یه‌كێكه له مووشه‌كه وێرانكه‌ره‌كان و زیانی یه‌كجار زۆری ده‌بێت.
مووشه‌كی ڕووسی وێرانكه‌ریان گه‌یشتووه‌ته ده‌ست و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌یان ئاسان نییه
پێشتر میلیشیاكان به توندی ئه‌وه‌یان ڕه‌ت كرده‌وه، كه ئه‌و جۆره مووشه‌كه‌یان له ئێرانه‌وه بۆ ڕه‌وانه كرا بێ و ئاماژه‌یان به‌وه داوه، كه ئه‌مه ده‌سكردی ناوخۆی عێراقه، به‌ڵام ئه‌وه به ته‌واوی دووره له ڕاستییه‌وه، كه‌وتنه ده‌ستی ئه‌و مووشه‌كه ڕووسیه به میلیشیاكانی ئێران، خاڵێكی زۆر هه‌ستیاره و پێویسته واشنتن به پله‌ی یه‌كه‌م و دواتریش حكوومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكای له ناوچه‌كه لێ ئاگه‌دار بكرێته‌وه، تا له مه‌ترسی و زیانه‌كانی ئه‌و مووشه‌كانه زانیاری‌یان هه‌بێ و رێوشوێنی پێویست بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك بگرنه‌به‌ر.
به گوێره‌ی زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كان، ئه‌و گرووپانه‌ی ئێران، نه‌ك ته‌نیا ئه‌و جۆره مووشه‌كه، به‌ڵكو له كۆگه زه‌به‌لاحه‌كانیان مووشه‌كی تری بالیستیك و دوورمه‌ودایشیان هه‌یه و كه زۆر پێشكه‌وتوو به‌هێزن، ئه‌مه‌یش ئاماژه‌ی ترسناكن، چونكه هه‌رچه‌ند چه‌ك و جبه‌خانه‌ی میلیشیاكان به‌هێزتر و پێشكه‌وتوو تر بێ، ئه‌وا كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونیان به‌سه‌ر عێراق ئه‌سته‌م تر و قورس‌تر ده‌بێت و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یشیان كارێكی ئاسان نابێت.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵگری عێراق له ئاب/ئۆگه‌ستی 2018 به ئاژانسی ڕۆیته‌رزیان ڕاگه‌یاند، كه به‌رپرسێكی ئێران له كاتی هاتنی بۆ عێراق، كۆمه‌ڵێك مووشه‌كی بالیستیكی مه‌ودا مام ناوه‌ندی هێناوه‌ته عێراق و ڕاده‌ستی میلیشیاكانی كردووه و به‌ڵێنیشی پێداون، هه‌ركات تاران به پێویستی بزانێت، ژماره‌یه‌كی زۆرتری ئه‌و جۆره مووشه‌كانه‌یان بۆ ڕه‌وانه ده‌كات.
تاران شاره‌زای بۆ ناردوون و له ناوخۆی عێراق مووشه‌ك دروست ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا، تاران به ناوی ڕاوێژكار و مه‌شق پێكردنی هێزه‌كانی عێراق، چه‌ندان زانا و كه‌سایه‌تی شاره‌زای له بواری دروستكردنی مووشه‌كی بۆ گرووپه‌كانی حه‌شد له عێراق ڕه‌وانه كردووه و به نهێنی فێری چۆنیه‌تیی دروستكردنی مووشه‌كیان ده‌كات و وانه‌ی چڕ و پڕیان پێ ده‌گوترێته‌وه، به‌وهۆیه‌وه میلیشیاكانی به‌در توانیویانه جۆرێك له مووشه‌كی دروستكه‌ری ناوخۆی عێراق به‌رهه‌م بهێنن، كه هاوشێوه‌ی مووشه‌كی "بوومه‌له‌رزه"ی ئێرانییه و ناتوانێ به دوای ئامانج بكه‌وێ و زۆر پێشكه‌وتوو نییه، به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێ مووشه‌كه و ئامانج وێران ده‌كات.
یه‌كێك له سیاسه‌ته‌كانی تاران بۆ به‌هێزكردنی هاوپه‌یمانه‌كانی كه له ئه‌زموونی حزبوڵای لبنانی و حووسییه‌كانی یه‌مه‌نیش بوونی هه‌یه، بریتییه له پێدانی مووشه‌كی پێشكه‌وتوو به گرووپه هاوپه‌یمانه‌كانی، ئه‌مه له عێراقیش دووباره بووه‌ته‌وه و ئێسته‌یش به نهێنی له جبه‌خانه‌كان خه‌ریكی دروستكردنی مووشه‌كن له ناوخۆی عێراق له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه، چونكه دڵنیان كه گواستنه‌وه‌ی مووشه‌ك له ئێرانه‌وه بۆ عێراق له‌وانه‌یه تووشی كێشه‌ی زیاتریان بكات، بۆیه ده‌یانه‌وێ له ڕێی ناردنی كه‌سانی شاره‌زا و گوتنه‌وه‌ی وانه به شاره‌زایانی ناو گرووپه‌كانی له عێراق، له ناوخۆی عێراق مووشه‌كه‌كانیان بۆ دروست بكات و هه‌ركاتیش پێویست بكات، فه‌رمانیان پێ ده‌كات، كه دژی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌كاری بهێنن، ئه‌مه‌یش نهێنییه‌كی ترسناكه و پێویسته هه‌مووان ڕه‌چاوی بكه‌ن.