دوای ئه‌وه‌ی له دوێنێوه ژماره‌یه‌كی زۆری پۆلیسی فیدراڵی عێراق له شوێنی حه‌شدی شه‌عبی له سه‌نته‌ری شارۆكه‌ی شنگال بڵاوه‌یان پێ كراوه، به‌پێی زانیارییه‌كانی ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، له ماوه‌ی كه‌متر له مانگێكدا سوپا و پۆلیسی زیاتری عێراقی ڕه‌وانه‌ی كه‌ركووكیش ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 21ی تشرینی دووه‌م، نه‌قیب نه‌جات عه‌لی له به‌شی ڕاگه‌یاندنی پۆلیسی فیدراڵی عێراقی له كه‌ركووك به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "به بڕیاری مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، لیوای 61ی تایبه‌ت كه سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه و له‌دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017ه‌وه به‌ناوی سه‌پاندنی یاسا هێنرانه كه‌ركووك، له مانگی داهاتوودا به یه‌كجاری ده‌كشێنه‌وه و دۆسیه‌ی ته‌ناهیی شاره‌كه ڕاده‌ستی سوپای عێراقی و پۆلیسی فیدراڵی ده‌كرێت".
زیاتر گوتی، "بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌دایه بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك و شنگال له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم كراون. دۆسیه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاری كه‌ركووك به فرقه‌ی هه‌شتی سوپای عێراق ده‌سپێرێت و دۆسیه‌ی ناوه‌وه‌ی كه‌ركووك به پۆلیسی فیدراڵی عێراقی ده‌سپێرێت".
ئاشكرای كرد، "هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانمان وه‌ك پۆلیسی فیدراڵی عێراقی ته‌واو بووه بۆ وه‌رگرتنی دۆسیه‌ی ته‌ناهیی شاره‌كه، بڕیاریشه فه‌وجێكی تایبه‌ت به‌ناوی سواتی مه‌رگ دروست بكرێت و شوێنی هێزه‌كانی سه‌ر به لیوای 61ی سه‌رۆك وه‌زیران بگرنه‌وه كه زیاتر هێزێك ده‌بن بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا و فریاكه‌وتنی كێشه خێراكان له شاره‌كه".
ڕوونی كرده‌وه، جگه له سوپای عێراقی و پۆلیسی فیدراڵی عێراقی، هیچ هێز و لایه‌نێك باره‌گا و سه‌ربازگه‌ی نامێنێت له كه‌ركووك و شنگال، ئه‌مه‌یش به‌پێی ڕێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێره كه پێشتر كراوه.
دوو مانگی ڕابردوو ڕێككه‌وتن له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال كراوه، به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی ناوه‌ندی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال، شه‌ش هه‌زار پۆلیس له نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌و سنووره داده‌مه‌زرێن.