دوو حزبی تری كوردستانی لە دژی هەڵسوكەوتی پەرلەمانتارانی خۆفرۆش هاتنە دەنگ

:: PM:08:16:22/11/2020 ‌

 كاردانەی دژ بە هەوڵی ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردی خۆفرۆش لە بەغدا بەردەوامە، بەتایبەت لەوكاتەدا كە لیستە عێراقییە شۆڤینییەكان دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەرپرسانی هەردوو حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و سۆسیالیست ئاماژە دەكەن، كوردستان جۆرە سەربەخۆییەكی هەیە، هەوڵی ئەو پەرلەمانتارانەیش بە نەزۆك دژ بە قەوارەی هەرێم ناو دەبەن.
هەندێك لیستی عێراقی هەوڵ دەدەن هەرێمی كوردستان بچووك بكەنەوە
 شوان محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا كارێكی سانا نییە، چونكە بەغدا هەمیشە دەڵێت گرفتمان لەبارەی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەیە، جگە لەوەیش لە رووی سیاسییەوە حكوومەتی هەرێم جۆرە سەربەخۆییەكی لە عێراقی فیدراڵ هەیە، بۆیە شتی وا ناكرێ حكوومەتی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەمانبەرانی هەرێم بدات، ئەوكات هاوبەشیی هەردوو حكوومەتی فیداڵ و هەرێم نامێنێت.

 زیاتر گوتی، لیستە عێراقییەكان یان نەیارەكانی هەرێم لەم كاتەدا هەوڵی ئەوە دەدەن هەرێمی كوردستان بچووك بكەنەوە، كە رەنگە پلانی دەرەكی لە پەرلەمانی عێراقیشی لەپشتەوەی بێت، ئەوەیش هاوكاتە لەگەڵ جموجۆڵی هەندێك پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا كە پرسی گواستنەوەی مووچە دەجووڵێنن، بۆیە باشترە حكوومەتی هەرێم زیاتر شەفاف بێ و بایەخ بە پرۆسەی چاكسازی بدات.

 لەسەر هەمان پرس بەختیار كەریم، گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، خەبات و قوربانیدانیدانی ئێمە بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی سەربەخۆ بووە بۆ كوردستان، ئەو قەوارە دروست بووە، بەڵام ساڵانێكە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی چەندان گرفت بووەتەوە، لەوانە پەتای كۆرۆنا و تەنگژەی دارایی و بڕینی مووچە و بودجە كە كاریان كردووەتە سەر دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان، ئەمانە نەبوونە هۆكاری بێهێزبوونی قەوارەی كوردستان.

روونی كردەوە، جێی نیگەرانییە هەندێك پەرلەمانتاری كورد دەیانەوێ عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكات، ئەوەیش ئەوە دەگەیەنێ عێراق لە رووی دەستوورییەوە وەك قەوارەیەكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكا و عێراق ئەوە ناكات، بۆیە هەوڵەكەیان هەوڵێكی نەزۆكە و دژی قەوارەی كوردستانە.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل