مامۆستایەکی زانکۆ: ئەگەری خیانەتێکی تری نیشتیمانی هەیە

:: AM:10:29:23/11/2020 ‌
مامۆستایەكی زانكۆ ڕای دەگەیەنێت، ئەو كارەی ئەو پەرلەمانتارانە لە بەغدا دەیكەن، كاركردن بۆ دەستێكی دەرەكی و ئەگەر بۆ خیانەتێكی تریش هەیە.

ئەمڕۆ دووشەم 23ـی تشرینی دووەم، هاوكار یاسین مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو هەوڵەی لەلایەن چەند پەرلەمانتارێك بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بۆ سەر بەغدا دەستیان پێ‌ كردووە، هەوڵێكی شكستخواردووە هاوشێوەی هەوڵەكانی عەبادی و ئەوانی تر.

ئەو مامۆستایە گوتی، ئەو پەرلەمانتارانە خۆشیان دەزانن لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە ڕێ پێنەدراوە، بەڵام بە دەستێكی دەرەكی ئەو هەوڵەیان دەست پێ‌ كردووە، هەروەها حكوومەتی عێراق دەزانێت بەڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كێشەكان چارەسەر دەبێت.

بوونی گومانێكی لەو شێوەیە ئێستە لە شەقامی سیاسی باس دەكرێت، ئەگەرێكی كراوەیە
لەبارەی پیلانێكی ژێر بەژێری ئەو پەرلەمانتارانە كە ئێستە عەرەبەكان پشتگیرییان دەكەن و باس لەوەیش دەكرێت لە داهاتوو ئەوان لە لادانی مادەی 140 دەبێت پشتگیرییان بكەنەوە، گوتی ئەوان هەموو هەوڵێكیان خستووەتە گەڕ دژی هەرێمی كوردستان، بۆیە بوونی گومانێكی لەو شێوەیە ئێستە لە شەقامی سیاسی باس دەكرێت، ئەگەرێكی كراوەیە.

بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، لە مادەی 140دا باس لە گەڕانەوەی كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان دەكرێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا كە گومان لە كوردبوون و سوێندخواردنیان هەیە، ئێستە دەستیان لەگەڵ ژمارەیەك لە فراكسیۆنە عەرەبەكان تێكەڵ كردووە و هەمیشە هەوڵی دروستكردنی پشێوین بۆ ئاڵۆزكردنی نێوان حكوومەتی هەولێر و بەغدا، هەوڵەكانیشیان تەنیا بۆ بانگەشە و نزیكبوونەوەیە لە هەڵبژاردنەكان نەك لە دڵسۆزییان بۆ مووچەخۆران.




وشە - رامیار جەواد