هەڵمەتێكی فراوان لە هەولێر ئەنجام دەدرێت

:: AM:08:58:28/11/2020 ‌
گوتەبێژی تەندروستی هەولێر رای دەگەیەنێت، سبەی هەڵمەتێكی فراوانی دژی نەخۆشیی ئیفلیجی ئەنجام دەدرێت و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژی بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تشرینی دووەم، بژار مووسا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی نەوەكانی داهاتوو، هەڵمەتێكی كوتان دژی نەخۆشیی ئیفلیجی منداڵان بۆ تەمەنی نێوان یەك ڕۆژ پێنج ساڵان ئەنجام دەدرێت.

گوتەبێژی تەندروستی هەولێر گوتی، هەڵمەتەكە  لەناو شاری هەولێر لە ڕێی تیمی گەڕۆكەكان لەناو گەڕەكەكان دەبێت، بۆ ئەم مەبەستە 272 تیم بەشدار دەبن و ئامادە كراون.

باسی لەوەش كرد، هەڵمەتەكە سبەی یەكشەم دەست پێ‌ دەكات و پێنج ڕۆژی بەدەوام دەبێت.

ڕوونی كردەوە، بۆ زیاتر ئاگەداربوونی هاونیشتمانیان لەم هەڵمەتە، بڵاوكراوەی ڕێنوێنیی بۆ بەشدار پێكردنی منداڵانیان لە ڕێی تیمی ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر، چەندان ڕێنوێنی لە شەقامەكان و هۆبەی پتەوكردنی تەندروستی بڵاو كراونەتەوە.



وشە - رامیار جەواد