فوئاد حوسێن: جۆ بایدن بەتەواوەتی ئاگەداری دۆسیەی عێراقە

:: PM:06:20:28/11/2020 ‌

لەگەڵ كۆتاهاتنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و سەركەوتنی جۆ بایدن، وڵاتانی دنیا چاوەڕوانی گۆڕانكاری ریشەیی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەكەن، بەشێوەیەك رەنگدانەوەی بەسەر هەموو دۆسییەكان و پێوەندی لەگەڵ وڵاتان هەبێت، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا دەكات.
ئامادەین بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمەریكا
فوئاد حوسێن، لە میانەی لێدوای بۆ چەند میدیایەكی ناوخۆیی گوتی، گۆڕانكاری لە واشنتن گرنگە و ئەوانەی دێنە دەسەڵات و پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەمەریكا دەگرنە دەست، تەواو ئاگەداری دۆسیەی عێراقن، جۆ بایدن كە دەبێتە سەرۆكی ئەو وڵاتە، كاتی جێگری باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا بوو، ماوەی هەشت ساڵ بەرپرسی دۆسییەی عێراق بووە، بۆیە ئاگەداری وردەكاری دۆخی عێراقە و چەندانجار سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی وەك سیناتۆر و جێگری سەرۆك كردووە.

زیاتر گوتی، هەروەها ئەو كەسەی دەبێتە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئەویش هاوڕێی خۆمە و ئاگەداری دۆخی عێراق و ناوچەكەیە، بەهەمانشێوە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، بە كورتی هەموو ئەوانەی پۆست وەردەگرن، ئاگەداری دۆخی عێراق و ناوچەكەن، بۆیە بەدووری نازانم پێوەندییەكان باشتر بن، چونكە سیاسەتی دیموكراتەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زانراوە، ئێمەیش ئامادەین بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمەریكا. 

لەبارەی گرێبەستی كڕینی چەك لەگەڵ رووسیا گوتی، ئێمە لە مۆسكۆ نەچووینە ناو وردەكاریی ئەو بابەتە و نازانم ئەو بۆچی لە راگەیاندن گەورە كرا، ئەوەی لەوێ باس كرا وەزیری بەرگریی عێراق سەردانی مۆسكۆ دەكات و یەكێك لەو بابەتانەی تاوتوێی دەكات كڕینی چەكە، جیا لە تەوەری تری وەك مەشق و راهێنان و هاریكاریی سەربازی، بۆیە بابەتی كڕینی چەك بۆ وەزیری بەرگری جێهێشتراوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل