بودجەی 2021ی عێراق رەوانەی پەرلەمان دەكرێت

:: PM:07:10:29/11/2020 ‌

عێراق بە تەنگژەیەكی سەختی داراییدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەیش وای كردووە نەتوانێ لە 2020 بودجە ئامادە بكات، لەوكاتەی هەموو هەوڵێك دەدات بۆ 2021 بودجەیەكی هەبێت، كە شارەزایان دەڵێن كورتهێنانی گەورەی تیادا دەبێت، راوێژكاری دارایی و ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق وادەی رەوانەكردنی پڕۆژەی بودجە بۆ پەرلەمان ئاشكرا دەكات.
پێویستە پەرلەمانیش هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە بۆ تێپەڕكردنی یاساكە و دوا نەخستنی
مەزهەر محمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی و ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، حكوومەتی عێراق بەنیازە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 بۆ پەرلەمان رەوانە بكات و ئەوەی رەوانەكردنی تا ئێستە دواخستووە دۆخی نائاسایی داراییە لە چواریەكی دوایی ئەمساڵ، روونی كردەوە، بۆیە حكوومەت خەریكی رێكخستنی كاروباری داراییە.  

روونی كردەوە، ئەو دۆخەی ئێستە هەیە وای كردووە چاو بە زۆر بابەت بخشێندرێتەوە، لەوانە بایەخدان بە سەرچاوەی داهاتی تر جگە لە نەوت و كەمكردنەوەی خەرجییەكان، ئەوانەیش پێویستیان بە كات و هەوڵدانی زیاتر هەیە، بۆیە حكوومەت رژدە لە رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 بۆ پەرلەمان لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا و پێویستە پەرلەمانیش هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە بۆ تێپەڕكردنی یاساكە و دوا نەخستنی بەهۆی بوونی ناكۆكی و شتی تر.

لەوكاتەی عەبدولخالق عەزاوی، پەرلەمانتاری عێراق رای گەیاند كە كۆدەنگییەكی 90% لە نێوان هێزە سیاسییەكان لەسەر یەكلاكردنەوەی خێرای پڕۆژەی بودجەی 2021 هەیە، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، لیژنەكە پێویستی بە نزیكەی دوو مانگ هەیە بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژەكە بەر لەوەی لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل